ئەمەریکا جەخت لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال دەکاتەوە

دیمەنی شارۆچکەی شنگال
دیمەنی شارۆچکەی شنگال

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا جەخت لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال دەکاتەوە، "چونکە پەیوەستە بە ئاسایش و سەقامگیریی و بنیاتنانەوەی شنگال".

ماتیۆ میلەر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ڕێککەوتنی شنگال دەستپێکێکی گرنگە بۆ بەئاگابوون لەو کەسانەی بوونەتە قوربانیانیی جینۆسایدی ساڵی 2014، بەڵام ڕێککەوتنەکە تاوەکوو ئێستا وەک خۆی ماوەتەوە و جێبەجێ نەکراوە، هەربۆیە خەجت دەکەینەوە و پێویستە جێبەجێ بکرێت.

میلەر گوتیشی: داوا لە هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق دەکەین ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکەن کە ئەم ڕێککەوتنە خۆی لە دابینکردنی سەقامگیریی و بنیاتنەوەی شارۆچکەکە دەبینێتەوە.

ڕاشیگەیاند، داوا دەکەین ئاسایش و سەقامگیریی شنگال بە پۆلیسی فیدراڵی و هێزە عێراقییەکانەوە بسپێردرێت، بە تایبەت ئەو پۆلیسانەی خەڵکی شنگالن، هەر وەک لە ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە هاتووە و دەبێت دابمەزرێن.

لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکەی ماتیۆ میلەر دوای کۆبوونەوەیەکی تایبەتی ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بوو لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئێزدی و كریستیان و چالاکوانان.

بلینکن لەو دیدارەیدا ڕایگەیاند، لە نزیکەوە لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکانی سەرجەم پێکهاتە و ئاینزاکانی عێراق کار دەکەین، بۆ ئەوەی بارودۆخی ژیانیان باشتر بێت و برینەکانیان ساڕێژبێتەوە.

هەروەها جەختی کردووەتەوە لەوەی کاری هاوبەشیان بۆ ئەوەیە سەقامگیریی عێراق بەرەوپێش بچێت و سەروەریی وڵاتەکە پارێزراو بێت، ئاشکراشیکرد تاوەکوو ئیستا زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلاریان بۆ ئەو پێکهاتانە خەرجکردووە کە لەسەر دەستی داعش زۆرترین زیانیان پێگەیشتووە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بەڵێنی بە پیکهاتەکان ئایینی و نەتەوەکانداوە کە هەموو کارێک دەکەن بۆ ئەوەی دڵنیابن کە جارێکی دیکە ڕێکخراوی داعش سەر هەڵناداتەوە.

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی خراپی دۆخی ئاسایشی ناوچە ئازادکراوەکانی دەستی داعش کرد و گوتی: هێشتا زیاتر لە یەک ملیۆن عێراقی لەنێو وڵاتەکەیان ئاوارەن، کە نزیکەی 300 هەزاریان ئێزدین، بەڵام ئێمە رژدین لەسەر ئەوەی بەداداچوون بۆ چارەنووسی بێسەرشوێنان بکەین و ئەوانەی لە ژیاندا ماون، ڕزگاریان بکەین".

ڕۆژی 9ـی تشرینی یەکەمی 2020، بەچاودێری مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێککەوتننامەی شنگال لە بەغدا ئیمزا کرا، کە لە چەند خاڵێکی تایبەت بە ئاساییکردنەوەی دۆخی ئیداری، ئەمنی و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە پێکهاتووە.

ڕێککەوتنەکە دوای پێنج ساڵ لە ئازادکردنی شنگال هات، دوای ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی لە ڕۆژی 13ـی تشرینی دووەمی 2015، شنگالیان تیرۆریستانی داعش پاککردەوە.

ڕێککەوتننامەی شنگال کە ئامانج لێی ئاسایی کردنەوەی دۆخی ناوچەکە و گەڕانەوەی ئارامی و سەقامگیرییە و گەڕانەوە و قەرەبووکردنەوەی ئاوارەکانە، بەسەر چوار تەوەردا دابەشکراوە، کە بریتین لە کارگێری، ئەمنی، ئاوەدانکردنەوە و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە.

لە تەوەری کارگێڕیدا، جەخت لە دیاریکردنی قایمقامێکی نوێ بۆ قەزای شنگال کراوەتەوە بەپێی ڕێکارە دەستووری و یاساییەکان، دوای ئەوەش پێداچوونەوە بکرێت بە سەرجەم پۆستە کارگێرییەکانی دیکە لەلایەن ئەو لیژنە هاوبەشەی لەنێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی پێکدەهێندرێت.

لە تەوەری ئەمنیدا، دۆسیەی ئەمنی شنگال دەبێت لە دەستی پۆلیسی ناوخۆیی و دەزگای ئەمنی نیشتمانی و هەواڵگری دابێت، و پیداگیریشی کردووە لەسەر دوورخستنەوەی سەرجەم گرووپە چەکدارەکانی دیکە بۆ دەرەوەی سنووری شارۆچکەی شنگال.

هەروەها ڕێککەوتننامەکە ئاماژەی بە دامەزراندنی دوو هەزار و 500 کەس کردووە بۆ پاراستنی ئاسایشی شارۆچکەکە کە خەڵکی شنگال و ئاوارەکانی شنگال لە کەمپەکان پێکبێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو ڕێککەوتننامەیە بە ڕوونی باس لە کۆتاییهێنان بە بوون و ڕۆڵی پەکەکە و ڕێکخراوە پاشکۆکانی پەکەکە کردووە لە شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری.

لە تەوەری سێیەمدا کە تایبەتە بە ئاوەدانکردنەوەی شنگال، ڕێککەوتننامەکە باس لە پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە هەردوو حکوومەتی عێراقی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان دەکاتەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی پارێزگای نەینەوا بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی شنگال.

لە تەوەری کۆتاییدا، لێژنەیەکی مەیدانی هاوبەش لەلایەنە پەیوەندیدارەکان پێکدێت بۆ بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی هەردوو تەوەری کارگێری و ئەمنی ڕێککەوتننامەکە. بەڵام نزیکەی چوار ساڵ بە سەر ئیمزاکردنی ڕێککەوتنەکە تێدەپەڕێت کەچی حکوومەتی عێراق پابەندی جێبەجێکردنی هیچ خاڵێکی ڕێککەوتنەکە نەبووە.