خۆپیشاندان لە بەسرە دەستی پێ کرد
بە دەیان هاووڵاتی لە قەزای ئەلدێر لە باکووری پارێزگای بەسرە خۆپیشاندانیان کرد و داوای دابینکردنی خزمەتگوزارییان کرد.
بەگوێرەی مێدیا عێراقییەکان، دەیان کەس لە قەزای ئەلدێر خۆپیشاندانیان کردووە، داوای دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان دەکەن، لەوانە نەخۆشخانەی ئەلدێر لەنێو پڕۆژە خزمەتگوزارییەکاندایە.
بەم دواییانە لە بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکەی عێراق خۆپیشاندان دەکرێت و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە، کە هاووڵاتیان داوای خزمەتگوزاریی دەکەن بەتایبەت کارەبا و ئاو چونکە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما هاووڵاتیانی هەراسان کردووە.
هەروەها دوێنێ سێشەممەش، خەڵکی بەسرە ناڕەزایەتییان دەربڕی لەبارەی خراپی ڕێگەی بەسرە - فاو کە یەکێکە لە ڕێگە سەرەکییەکان و شادەماری ئابووری و بازرگانی، بەهۆی پشتگوێخستن و وێران بوونیەوە بووەتە ڕێگەی مەرگ، هیچ شەوێک بەبێ قوربانیدان ڕۆژ ناکاتەوە.
خەڵکی ناوچەکە و ڕێبوارانیش هەر هەموویان دەم بە گلەوگازندەیانه هەیە، بەڵام ناچارن بەو ڕێگەیەدا گوزەر بکەن، چونکە هیچ ڕێگەیەکی دیکە شک نابەن.
یەكێک لە کەسایەتییەکانی ناوچەکە دەڵێ: "ئێمە وەک شێخەکان و گەنجانی ئەم ناوچەیە هاتووین دژی خراپیی ئەم ڕێگەیە خۆپیشاندان بکەین، ڕۆژانە ئەگەر دوو بۆ سێ ڕووداوی تێدا نەقەومێت، بە دڵنیاییەوە ڕووداوێکی هەر هەیە و بێ قوربانیش نابێت".
هەروەها لە پارێزگای زیقاریش چەند ڕۆژێکە خۆپیشاندان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری و کارەبا دەکرێت، تا کار گەیشتە ئەوەی بەڕیوەبەری دابەشکردنی کارەبای پارێزگاکە لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە.