پەرلەمانتارێک: داخستنی سەرجەم کەمپی پەنابەران، دوو ساڵ دەخایەنێت
ئەندامێکی لیژنهی كۆچ و کۆچبەران لە پەرلەمانی عێراق رایدهگهیهنێت، پێویستیان به دوو ساڵه بۆ ئهوهی به تهواوی كهمپهكان دابخرێن.
شهریف سلێمان، جێگری سەرۆکی لیژنەی کۆچ و کۆچبەران لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، تاوەکو پێداویستییە لۆجستییەکان و خزمهتگوزارییهكان لە پارێزگا ئازادکراوەکاندا دهستهبهر دهكرێن، داخستنی دۆسیەی ئاوارەکان نزیکەی دوو ساڵ دەخایەنێت.
سلێمان ئاماژهی بهوەش کرد، ژمارەی ئهو ئاوارانهی له دەرەوەی کەمپەکان دهژین زۆر لهو ژمارهیه زیاتره کە له كهمپهكاندا دهژین، بۆیه له ڕابردوودا پلانی گەڕانەوە لە ئاستی پێویستدا نەبووە، ئهمهش وا دهكات داخستنی دۆسیەی ئاوارەکان لە کۆتایی ئهم مانگهدا ئهستهم بێت، ئەمەش بەهۆی جێبەجێنەکردنی پلانی گەڕانەوە و پێشکەش نەکردنی ئهو خزمهتگوزارییانهی ئاوارهكان لهزێدی خۆیان پێویستیان پێیهتی.
پێشتر وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، تاوەکو کۆتایی مانگی تەمموزی 2024، کار لەسەر گەڕاندنەوەی تەواوی ئاوارەکان دەکەن بۆ ناوچەکانی خۆیان.
ڕۆژی دووشەممە، 08-07-2024، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەوەی لەسەر شانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بووە لە 10 ساڵی ڕابردوودا، بەرامبەر بە ئاوارە و پەنابەران بە زیادەوە کردوویانە.
گوتیشی: بڕیاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بۆ داخستنی کەمپەکان، بێ ڕاوێژ بووە لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نەتەوە یەکگرتووەکان و خودی ئاوارەکان، ئەمەش بووەتە جێگەی نیگەرانیی ئاوارە و پەنابەرانی دانیشتووی کەمپەکان. دەشڵێت: ئەوەی لە هەمووی ناخۆشترە، بڕیارەکە بەبێ ڕەخساندنی زەمینەی گەڕانەوە، دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان، ئارامی و پاراستنی خەڵکەکە لە کاتی گەڕانەوەیان، دراوە.
لە هەرێمی کوردستان 900 هەزار و 467 ئاوارە و پەنابەر لە نێو و دەرەوەی کەمپەکان دەژین. لەو ژمارەیە، 269 هەزار و 293 یان پەنابەرن و لە وڵاتانی دیکەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان. لەوانەش 251 هەزار و 475 پەنابەری سوورین، 7 هەزار و 796 پەنابەری تورکی، 8 هەزار و 357 پەنابەر ئێرانی و و 652 پەنابەریش فەڵەستینین. جیا لەوەش 10 هەزار و 13 پەنابەری وڵاتانی دیکەی جیاواز هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.
لە ساڵی 2023، دوو هەزار و 97 پەنابەر گەڕاونەتەوە وڵاتەکانیان، لە کاتێکدا سێ هەزار و 389 پەنابەر هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.