باڵیۆزی تورکیا لە عێراق: گرنگی بە پەیوەندییەکانمان و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەدەین

ئانڵ بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق - وێنە: AA
ئانڵ بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق - وێنە: AA

K24 - هەولێر:

باڵیۆزی تورکیا لە عێراق ڕایگەیاند سەرۆککۆماری وڵاتەکەی ویستی گرنگیدان بە هەرێمی کوردستان لە سەردانەکەی ئەم دواییەی بۆ عێراق ڕەنگ بداتەوە و ئاماژەی بەوەشکرد: تورکیا گرنگیی دەدات بە پەیوەندییەکان و بەردەوامی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.

ئانڵ بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق بە ئاژانسی ئانادۆڵوی ڕاگەیاندووە: لەگەڵ عێراقدا، کەناڵەکانی دیالۆگیان لە هەموو بوارێکدا بەهێز کردووە و وڵاتەکەی پشتیوانی لە هەوڵەکانی بەهێزکردنی گەشەپێدان و سەقامگیریی عێراق دەکات.

لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و ئەنقەرە، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق باسی لەوەکردووە: ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە سەردانەکەیدا بۆ عێراق سەردانی هەولێریشی کرد و گوتی: ''لە بەشێکی زۆری ئەو سنوورەی وڵاتەکەمان لەگەڵ عێراقدا هەیەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دراوسێین، تاکە دەروازەیەکی سنووریمان هەیە، ئەویش لەناو سنووری ئیداریی حکوومەتی هەرێمدایە. ئێمە گرنگیی دەدەین بەم پەیوەندیانە و بەردەوامی سەقامگیری ئیدارەی هەرێم".

ئینان ڕاشیگەیاند: سەقامگیری هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ کاریگەری هەیە لەسەر سەقامگیری ناوچەکانی سنوورمان. سەرۆککۆماری تورکیا دوابەدوای سەردانەکەی بۆ بەغدا بەگونجاوی زانی سەردانی هەولێر بکات و دیدار و کۆبوونەوە ئەنجام بدات. ئێمە لەو ناوچەیەدا وەبەرهێنانی جددی و بازرگانانمان هەیە، پەیوەندی مێژووییمان هەیە و خەڵکەکەمان لەگەڵ خەڵکی هەرێمەکەدا پەیوەندی خزمایەتیان هەیە".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئانڵ بۆرا ئینان ڕوونی کردەوە: سەرۆککۆماری تورکیا لە میانی سەردانەکەیدا بۆ عێراق ویستی ئەم گرنگییەی بە هەرێمی کوردستانی دەدەین ڕەنگ بداتەوە. لەوێش هەروەک بەغدا پێشوازییەکی گەورەمان لێکرا. سوپاسیان دەکەین".

لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە، ئینان جەختی کردەوە: "پێشبینی دەکرێت لە مانگەکانی داهاتوودا هەڵبژاردنێک لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت، دەمەوێت باس لەوە بکەم کە گرنگە ئیدارەیەکی سەقامگیر لە هەرێمەکە بپارێزرێت. پلانم هەیە لە مانگەکانی داهاتوودا سەردانی هەولێر بکەم. خوازیارم سەردانی مووسڵ و کەرکووکیش بکەم".

ڕۆژی 22ـی نیسانی 2024، دوای ئەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان گەیشتە بەغدا و لەگەڵ لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق و محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە، سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لێکرا.

لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ هەولێر، سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

هەریەکە لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆ، یەشار گولەر، وەزیری بەرگری، ئاڵپارسلان بایرەکتار، وەزیری وزە، عومەر بوڵات، وەزیری بازرگانی و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا و ژمارەیەکی دیکە لە وەزیر و بەرپرسانی باڵای تورکیا یاوەری ئەردۆغان بوون.

Fly Erbil Advertisment