دادگای باڵای فیدراڵی بڕیارێکی سەردەمی رژێمی پێشووی هەڵوەشاندەوە
دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری نادەستووریبوونی ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بەعسی دەرکرد، کە رێگری لە وەبەرهێنانی بیانی لە عێراق دەکرد.
ئەمڕۆ سێشەممە 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، دادگای باڵای فیدراڵی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دادگاکە سکاڵایەکی تاوتوێ کردووە، کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە دژی سەرۆکی پەرلەمان تۆماری کردبوو.
سکاڵاکە داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ژمارە 23ـی ساڵی 1994ـی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بەحسی هەڵوەشاوەی کردبوو، کە بە بڕیاری ژمارە 33ـی ساڵی 1997 هەموار کرابوو. ئەو بڕیارە رێگری لە کارکردن بەو یاسا و بڕیارانە دەکرد کە رێگەیان بە کەسانی ناعێراقی دەدا خاوەندارێتی و وەبەرهێنان لە کۆمپانیاکانی عێراق بکەن.
بەپێی بڕیارە کۆنەکە، سزای زیندانیکردن بۆ ماوەی ساڵێک تا سێ ساڵ بۆ سەرپێچیکاران دیاری کرابوو، ئەگەر سەرپێچیکارەکە عێراقی بووایە، سزاکەی لە دوو ساڵ کەمتر نەدەبوو، هاوکات دەستبەسەرداگرتنی ئەو سەرمایەیەش لەخۆ دەگرت کە بە پێچەوانەی رێساکان خاوەندارێتی یان وەبەرهێنانی تێدا کرابوو.
دادگای باڵای فیدراڵی لە کۆتایی بڕیارەکەیدا روونیکردەوە، ئەو رێگرییانە بەهۆی پێشێلکردنی ماددەکانی (23/ سێیەم/ ئـ)، (25) و (26)ـی دەستووری عێراقی ساڵی 2005، نادەستوورییە. بڕیارەکە بە کۆدەنگی دراوە، بەپێی ماددەی 94ـی دەستوور بۆ سەرجەم دەسەڵاتەکان پابەندکەرە و بە ئاشکرا راگەیەندرا.