ئافرەتانی بەغدا دژی هەمواری یاسای باری کەسێتین و دەڵێن: ستەممان لێدەکەن

K24 – بەغدا:
ئافرەتانی بەغدا دژی هەمواری یاسای باری کەسێتین و بە دەستدرێژی بۆسەر مافی ئافرەتانی دەزانن.
ئافرەتانی بەغدا دەڵێن، ئەوانەی هەموواری یاسای باری کەسێتییان نووسیوە دەیانەوێت عێراق بۆ سەردەمە کۆنەکان بگێڕنەوە، چونکە هەم لەکاتی هاوسەرگیریی و هەم لەکاتی جیابوونەوە یاساکە ستەم لە ئافرەتان دەکات.
هاووڵاتییەکی بەغدا بۆ کوردستان24 گوتی: "یاسای باری کەسێتی پێویستە وەک خۆی بمێنێتەوە و هەوڵبدەین هەموار نەکرێت، چونکە خەڵکێکی زۆر سوودیان لێبێنەوە بەتایبەتی بێوەژنان و ئەوانەی جیابوونەتەوە. بەڕاستی نابێ گۆڕانکاریی تێدابکرێت چونکە دەبێت منداڵ لەلای دایکی بمێنێتەوە.
ئافرەتێکی بەغدا ئاماژە بەوە دەکات: "یەکەم شتە ئەم هەموارەی دژی ئافرەتانە، چونکە ناکرێت کچێکی تەمەن نۆ ساڵ هاوسەرگیریی بکات، ئەو کچانەی ئاوا بەشوودراون دواتر کێشەیان هەبووە، یاخود هەموارەکە مافی بەخێوکردنی منداڵ دەدات بە باوک ئەمە تاوانە".
هەر لەو بارەیەوە، ئافرەتێکی دیکە باسی لەوەکرد: "من دژی هەمواری یاسای باری کەسێتیم چونکە منداڵی تەمەن نۆ ساڵ بەشوو دەدات، کچ لەم تەمەنەدا دەبێت بخوێنێت و هاوسەرگیریی کۆتا شتێک بێت بیری لێبکاتەوە. ئەوانەی هەموارەکەیان نووسیوە دەیانەوێت ئایین و یاسا تێکەڵ بکەن، ئێمە بگەڕێننەوە بۆ سەردەمە کۆنەکان، ئەمەش شتێکی هەڵەیە".
ئافرەتێکی دیکەی دانیشتووی بەغدا گوتی: "ژیانی هاوسەریی و کۆمەڵایەتی پێویستی بە ڕۆشنبیرییە. دایک پێویستە ڕۆشنبیر بێت و منداڵەکەی بە جوانی پەروەردە بکات لە هەموو ڕوویەکەوە نەک بەشووی بدات، لەم ڕوانگەیەوە دژی هاوسەرگیریی کچانی منداڵم".
پەرلەمانی عێراق سەرقاڵی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتییە، دانیشتنی ڕۆژی 24ـی ته‌ممووزی 2024 بۆ كاتێكی نادیار هه‌ڵگیرا، هاوكات ئه‌میر مه‌عمووری، په‌رله‌مانتار ئاماژه‌ی به‌وه كرد، بەهۆی لابردنی خوێندنەوەی یەکەمی پێشنیازەیاسای هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ژمارە 188ـی ساڵی 1959 شه‌ڕه‌قسه له نێوان په‌رله‌مانتاران ڕووی دا و دانیشتنه‌كه بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.
پرسی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای باری كه‌سێتی، له‌سه‌ر ئاستی په‌رله‌مانتارانی عێراق كاردانه‌وه‌ی جۆراوجۆری لێ کەوتەوە، به جۆرێك به‌شێك له په‌رله‌مانتاران له‌گه‌ڵ هه‌مواركردنه‌وه‌دان و به ده‌رچه‌یه‌ك بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی دیارده‌ی جیابوونه‌وه‌ی هاوسه‌ران و له‌خۆگرتنی منداڵان له دوای جیابوونه‌وەی داده‌نێن. به‌شێكیش هه‌مواره‌كه به بۆمبی چێنراو له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی ناو ده‌بن و داوای ڕاگرتنی هه‌مواره‌كه ده‌كه‌ن.
له‌و باره‌وه ڕائید مالیكی، له لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مان پێی وایه "گرنگترین ئه‌و بڕگانه‌ی هه‌موار ده‌كرێنه‌وه، ئازادیی ته‌واو بۆ تاكی عێراقی ده‌سته‌به‌ر ده‌كات". به‌گوته‌ی مالیكی "یاسا پێشنیازکراوەکە بڕگەکانی ماددەی 41ـی دەستوور جێبەجێ دەکات، کە تێیدا هاتووە: عێراقییەکان ئازادن لە پابەندبوون بە باری کەسێتی خۆیانەوە، بە پێی ئایین و مەزهەب و بیروباوەڕ، یان هەڵبژاردن و ئەمەش بە یاسا ڕێک دەخرێت".
لەبارەی به به‌خێوكردنی منداڵ دوای جیابوونه‌وه‌ی هاوسه‌ران، محه‌مه‌د خه‌فاجی، له لیژنه‌ی یاسایی گوتوویه‌تی، "ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له باره‌ی هه‌مواری یاساكه تایبه‌ته به مادده‌ی 57ـی په‌یوه‌ست به به‌خێوكردنی منداڵ." گوتیشی، هه‌مواره‌كه له چوارچێوه‌ی هه‌ڵكشانی حاڵه‌ته‌كانی جیابوونه‌وه‌ی هاوسه‌ران، پاراستن و دادپه‌روه‌ری بۆ خێزان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه".
هەروەها له هه‌مواره‌كه‌دا پێشنیازی سه‌رپه‌رشتیی منداڵ، به هاوبه‌شی له نێوان دایك و باوك له ژینگه‌یه‌كی هاوسه‌نگدا كراوه، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئاسته‌نگه ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كان، یاساكه هه‌موار ده‌كرێته‌وه.