تورکیا وێرانکردنی 25 بنکەی پەکەکەی ڕاگەیاند

بۆردوماكردنی بنکەکانی پەکەکە لە نزیک شارەدێی چەمانکێ له‌لایه‌ن توركیاوه‌ (وێنە - ئەرشیف)
بۆردوماكردنی بنکەکانی پەکەکە لە نزیک شارەدێی چەمانکێ له‌لایه‌ن توركیاوه‌ (وێنە - ئەرشیف)

 وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە، لە زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانییدا فڕۆکە جەنگییەکانیان توانیویانە 25 شوێن و حەشارگەی چەکدارانی پەکەکە وێران بکەن.

زیاتر ڕوونی کردووەتەوە، هێرشەکان لە سنووری هەرسێ پارێزگای دهۆک، هەولێر و سلێمانی ناوچە شاخاوییەکانی گارا، قەندیل و ئاسۆسیان بۆمبباران کردووە لە نێویاندا ئەشکەوت، حەشارگە، کۆگا و ئەو شوێنی مانەوەی فەرماندەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان هەبوون.

هەروەها ئاماژەی داوە "هێرشەکان بە وردییەوە کراون و هەموو ڕێکارێک بۆ پاراستنی گیانی خەڵکی سڤیل، ناوچەکانی نیشتەجێبوون، شوێنەوارە مێژوویی و فەرهەنگییەکان لەبەرچاو گیراون".

 هەروەها ڕێکخراوی ئاشتیی جیهانی، ئەمەریکایی بڵاوی کردووتەوە، لە ماوەیە کەمتر لە مانگێکدا لە سنووری پارێزگای دهۆک بەهۆی شەڕی چەکدارانی پەکەکە و سوپای تورکیا 182 خێزان لە گوندنشینانی نزیک ناوچەکانی شەڕ ئاوارەبوون و 602 گوندیش لەبەردەم هەڕەشەی چۆڵکردندان.

 ڕێکخراوە ئەمەریکییەکە ئاماژەی بەوەش داوە، کە 15 حوزەیرانەوە تاوەکوو 11 ئەم مانگەوە سوپای تورکیا 285 هێرشی کردووە و زۆربەی ناوچانەشی بۆمبارانی کردووە، لە سنووری پارێزگای دهۆک بوون.

Fly Erbil Advertisment