ئیسرائیل قوتابخانەیەکی بۆردومان کرد، لە ئەنجامدا دەیان کەس کوژران و بریندار بوون

لە هێرشێکی سوپای ئیسرائیلدا بۆ سەر قوتابخانەیەکی ئاوارەکان لە ڕۆژئاوای دێربلح، دەیان فەڵەستینی کوژران و بریندار بوون، سوپای ئیسرائیلیش ڕایگەیاندووە، "سەرکردە و فەرماندەکانی حەماس خۆیان لەناو قوتابخانەکەدا شاردووەتەوە و لەوانی داوە".
ئەمرۆ شەممە، 27ـی تەمووزی 2024، بەرپرسانی تەندروستی غەززە ڕایانگەیاند، "ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی کردووەتە سەر قوتابخانەیەک لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە، لە ئەنجامدا 30 کەس کوژران".
لەلایەکی دیکەشەوە ئاژانسی 'وەفا' بڵاوی کردەوە، لە ئەنجامی هێرشەکەدا 30 کەس کوژران و دەیانی دیکەش بەسەختی برینداربوون کە ئافرەت و منداڵیان تێدایە.
ئاژانسەکە، لە زاری سەرچاوە خۆجێییەکانەوە بڵاوی کردەوە "تیمەکانی ئەمبولانس و بەرگری شارستانی بەردەوامن لە ڕزگارکردنی هاووڵاتیان، بەو پێیەی بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شەهیدانی ئەقسا، ئاماژەی بەوەش کردووە، ڕەنگە ژمارەی کوژراوەکان بەرزتر ببێتەوە".
لای خۆشیەوە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، "ئەو چەکدارانەیان بۆردومان کردووە کە لەناو کۆمەڵگەیەکی فەرماندەیی سەر بە حەماس، لە قوتابخانەی خەدیجە لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە کاریان کردووە".
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، ئەڤیخای ئەدەرعی لە پلاتفۆڕمی ئێکس نووسیویەتی: "ماوەیەکی کەم لەمەوبەر بە ڕێنمایی هەوڵێکی دەزگای هەواڵگری سەربازی، شاباک و فەرماندەیی باشوور، فڕۆکەیەک بۆردومانی ئەوانەی کردووە کە لەناو فەرماندەیییەکدا کاریان دەکرد، کە سەر بە حەماسن و خۆیان لەناو قوتابخانەی خەدیجە لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە شاردبووەوە.
بزووتنەوەی حەماسیش ڕەتی کردووەتەوە، کە خەڵکی سڤیل یان شوێنی مەدەنی بۆ هیچ مەبەستێکی سەربازی بەکاربهێنێت.
ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، کە لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 200 ئیسرائیلی کوژران 240 کەسیش بە بارمتە دەستگیرکران کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 130 بارمتە ئازاد کراون.
ڕۆژی پێنجشهممه 25ـی تهمموزی 2024، وهزارهتی تهندروستیی غهززه ڕایگهیاند، بههۆی هێرشه بهردهوامهكانی ئیسرائیلهوه ژمارهی كوژراوان بۆ 39 ههزار و 175 كهس بهرز بووهتهوه، هاوكات ژمارهی برینداران گهیشتووهته 90 ههزار و 403 كهس. ڕوونیشی كردووهتهوه 70%ـی قوربانییهكان منداڵ و ئافرهتن.