سوودانی: بەرژەوەندیی هەموو پێکهاتەکانی کەرکووك بپارێزرێت

سهرۆكوهزیرانی عێراق داوا له پێكهاتهكانی كهركووك دهكات لهسهر پۆستی پارێزگار و پێكهێنانی حكوومهتی خۆجێی ڕێك بكهون.
نووسینگهی ڕاگهیاندنی سهرۆكوهزیرانی عێراق بڵاوی كردووهتهوه "له چوارچێوهی بهدواداچوونهكان بۆ لێتێگهیشتنی هێزه نیشتمانییهكان له پارێزگای كهركووك به ئامانجی پێكهێنانی حكوومهتی خۆجێی؛ محەممەد شییاع سوودانی، سهرۆكوهزیرانی عێراق لهگهڵ ئەندامانی فراکسیۆنی توركمانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كهركووك كۆبووهوه".
له كۆبوونهوهكهدا، وەکو ئەوەی نووسینگەی سهرۆكوهزیرانی عێراق باسی کرد، "گرنگیی بەرژەوەندی خەڵکی کەرکووکی لە هەر رێککەوتنێکی نێوان هێزە سیاسییەکانی براوهی هەڵبژاردن بۆ ههڵبژاردنی پارێزگاری شارهكه بهپێویست له قهڵهم دا". جەختیشی لهوه كردووهتهوه، "گشت پێكهاتهكانی شارهكه پێكهوه وهك یهك تیم و دوور له پهراوێزخستنی یهكتر، خزمهتی شارهكهیان بكهن".
لێدوانی بەرپرسانی پارتی و یەکێتی لەبارەی دانانی پارێزگاری کەرکووک
چوارشەممە، 24-07-2024، عەلی حوسێن، بەرپرسی مەکتەبی سلێمانی و هەڵەبجەی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانیکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "نە پارتی و نە یەکێتی بەبێ عەرەب و تورکمان ناتوانن پۆستی پارێزگار یەکلایی بکەنەوە".
لەبارەی هەڵبژاردنی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکووک، بەرپرسەکەی پارتی ئاماژەی بەوە کرد، "پێشتر لەگەڵ یەکێتی دانیشتین و گفتوگۆمان کرد بۆ ئەوەی پارێزگارێکی کوردی نیشتمانپەروەریی سەربەخۆ کە گوزارشت لە کوردێکی ڕەسەنی کەرکووک بکات، بکەینە پارێزگار، بەڵام نەتوانرا بگەیەنە ئەنجام".
هەر لەو بارەوە، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، گوتی، "پارێزگاری کەرکووک بە حیزبێک دانانرێت؛ شارەکە چەندین پێکهاتەی تێدایە و پێویستە هەمووان بەشداربن لە حوکمڕانی و بە لێکگەیشتنی نێوان هەموو لایەنەکان، پارێزگارێک دابنرێت".
لەبارەی ئەگەری کۆبوونەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر ئاستی باڵا، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا دووپاتی کردەوە، "هەر چ کاتێک پێویست بکات، لەم ئاستە یان لە ئاستی باڵاتر کۆدەبینەوە".
یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک
پێنجشەممە، 11-07-2024، دوای نزیکەی هەشت مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجـوومەنی پارێزگای کەرکووک؛ ئەنجوومەنەکە بۆ جاری یەکەم بە بەشداریی هەموو فراکسیۆنە سیاسییەکان کۆ بووەوە. ڕاکان جبووری، پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکووک وەکوو بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنەکە، سەرپەرشتیی یەکەمین کۆبوونەوەی کرد.
بە گوێرەی یاسا، دوای بەڕێوەچوونی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک؛ ماوەی مانگێک مۆڵەت دەدرێتە لایەنە سیاسییەکان تاوەکوو لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگار، سەرۆکی ئەنجوومەن و جێگرەکانی ڕێک بکەون.
کۆی گشتیی ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک 16 کورسین و ژمارەی کورسیی لایەنەکانیش لە دوایین هەڵبژاردن، بەم شێوەیە بوو:
1. کورد: حەوت کورسی (یەکێتی پێنج و پارتیش دوو)
2. عەرەب: شەش کورسی
3. تورکمان: دوو کورسی
4. یەک کورسیش بۆ کۆتای کریستییان