بە بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ژمارەیەک پارچە زەوی دابەش دەکرێن

پاڵپشت بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینانی حكوومهتی ههرێمی كوردستان له سنووری ماددەی 140ی دەستوور و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان دابەش دەكرێت.
یەكشەممە، 28-07-2024، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند، "مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان فەرمانی كرد و ڕايسپاردووین بۆ ئەوەی كاری پێویست بکرێت بە پێدانی زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشیانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە هەڵگری كارتی زانیاريی ناوچەكانی ماددەی 140ی دەستوور و دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانن".
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئەوەشی خستە ڕوو "نووسراومان ئاراستەی گشت وەزارەت و دەستە و فەرمانگە و دامودەزگەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردووە بۆ ئەوەی پاڵپشت بە ڕەزامەندیی ڕێزدار جەنابی سەرۆكوەزیران، كاری پێویست ئەنجام بدەن بە پێدانی فۆرمی زەوی بە فەرمانبەران و خانەنشینانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە هەڵگری كارتی زانیاريی ناوچەكانی ماددەی (140) دەستوور و دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانن و لەگەڵ لیستی وەزارەت و دەستە و فەرمانگە و دامودەزگانی نەبەستراو بە وەزارەت بەرز بكرێتەوە و دواتر وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار شوێنی وەرگرتنی زەوییان بۆ لە نزیكترین شوێنی نیشتەجێبوون، یان بوونی زەوی بەردەست دەستنیشان دەكات".