سروە ڕەسوڵ: حکوومەتی عێراقی دڵنیاییدا ئاوارەکان کەمپەکان داناخەن

بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هەمانگیی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئاوارەکانی هەرێمی کوردستانیان دڵنیا کردووەتەوە کەمپەکان داناخەن.
یەکشەممە 28ـی تەممووزی 2024، سروە ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هەمانگیی و قەیرانەکان بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند:
لە ماوەی 21 تاوەکو 25ـی تەمووزی 2024، شاندێکی نوسینگەی سەرۆكوەزیرانی حکوومەتی فیدراڵی محەمەد شیاع سوودانی، سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و لە نزیکەوە سەردانی کەمپەکانیان کرد بە مەبەستی ئاگاداربوون لە دواین گۆڕانکاریە مرۆییەکان، هەروەها هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی سەبارەت بە ئاستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان لە کەمپەکان، لەگەڵ هەڵسەنگاندنی ئەرك و ئەم خزمەتگوزارییانەی کە دامەزراوە فیدراڵییەکان پێشتر پێشکەشیان کردبوو، بۆ ئەوەی وێنەیەکی تەواوی دۆخەکە بزانن لەگەڵ بەربەستەکانی بەردەم گەڕانەوە و چۆنییەتی چارەسەرکردنی.
سروە ڕەسوڵ دەڵێت: لەم چوارچێوەیەدا شاندەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵی لەگەڵ نوێنەرانی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و سەرپەرشتیاریی کەمپەکان کۆبوونەوە، لە بارەی چۆنیەتی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان لە کەمپەکان گفتوگۆیان کرد، هاوکات دۆسیەی ئاڵۆزی ئاوارەکانیان تاوتوێ کرد.
بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هەمانگیی و قەیرانەکان ئاماژە بەوە دەکات، شاندەکە گوێیان لە کێشەو نیگەرانییەکانی ئاوارەکانی کەمپەکان و دەرێی کەمپەکان گرت، تیایدا بۆچوونی خۆیان سەبارەت بە خزمەتگوزارییە مرۆییەکان خستەڕوو، دڵنیایی ئەوەشیاندا کە بابەتی داخستنی کەمپەکان پێویستە بە شێوەیەك دابڕێژرێتەوە گونجاو بێت لەگەڵ پێداویستی ئەو ئاوارانەی لە کەمپەکان و دەرەوەی کەمپەکانن.
دەشڵێت: لە کۆبوونەوەکان دڵنیاییاندایە ئاوارەکان کەمپەکان داناخرێن لەو ماوەی کە پێشتر دیاریکرابوو، بەڵکو دووبارە پلانێکی هاوبەشی مرۆیی لە نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ دادەڕێژرێت، تیایدا سەرجەم ئەگەرەکان لەبەرچاو دەگیرێن.
سروە ڕەسوڵ گوتی: پێشتر وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە نوسراوی فەرمی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی فیدراڵی ئاگادار کردبوەوە لە دۆخ و گوزەرانی ئاوارەکان لە کەمپەکان و چەندین سەرنج و تێبینی خستبووە ڕوو سەبارەت بە دۆخی ناوچە ئازادکراوەکان و نالەباری دۆخی شنگال و ڕێککەوتنامەی شنگال وتەواوی بابەتەکانی دیکەش، بۆیە لەسەر پێشنیازی وەزارەتی ناوخۆ، سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی فیدراڵی لیژنەیەکی ئاست بەرزی لەنێوان ھەردوو حکوومەت پێکھێنا بۆ دووبارە دیراسەتکردنی دۆخی ئاوارەکان و دانانی میکانیزمی پلانێکی مرۆیی ھاوبەش بۆ دۆسیەی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان بۆ زێدی ڕەسەنی خۆیان.
بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هەمانگیی و قەیرانەکان ئاشکرای کرد، لەئایندەیەکی نزیکدا لیژنە باڵاکە کۆدەبێتەوە و لەکۆتا ڕۆژی سەردانیان، شاندەکە سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد کە توانیویانە ئەو ئەرکە مرۆییە لەخۆبگرن و سوپاسی دەزگای خێرخوازی بارزانیان کرد کە هاوکاریی سەرەکی حکوومەت بوون لەو ئەرکە مرۆییە و بەڵێنیان دا هەموو نیگەرانیەکانی ئاوارەکان لەناوەو و دەرەوەی کەمپەکان و ئەوەی کەبەچاوی خۆیان بینیویانە وەک خۆی بگەیێنن و لەڕێگەی لیژنەباڵاکە چارەسەریی گونجاو پێشکەش بکەن.