بریکارێکی کوردی فرۆشتنی گازی ماڵان لە کەرکووک: ڕۆژانە ستەممان لێ دەکرێت

بریکارێکی کوردی فرۆشتنی گازی ماڵان لە کەرکووک
بریکارێکی کوردی فرۆشتنی گازی ماڵان لە کەرکووک

بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بریکارانی فرۆشتنی گازی ماڵانی لە کەرکووک و شارەکانی دیکە نیگەران کردووە. بریکارێک دەڵێت: پێش 16ـی ئۆکتۆبەر هیچ کێشەیەکمان نەبوو، ئێستا ڕۆژانە ستەممان لێ دەکرێت.

بە گوێرەی بڕیارێکی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، دەبێت هەر بریکارێکی  دابەشکردنی گازی ماڵان، ئامێرێکی "جی پی ئێس" لە ئۆتۆمبێلەکەیەوە ببەستێت و فرۆشتنی گازیش دەکرێتە ئۆنڵاین، واتا کڕیار لە ماڵەوە داوای دەکات.

ماوەی دوو ڕۆژە بریکارەکانی دابەشکردنی گازی مالان لە کەرکووک و شارەکانی دیکە، لە بەردەم لقە جیاوازەکانی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق، لە دژی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، خۆپیشاندان دەکەن.

بریکارێکی کوردی دابەشکردنی گازی مالان لە کەرکووک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ساڵانە 850 هەزار دەدەینە باج و 300 هەزاریش دەدەینە بیمە. ئەم بڕیارەش هێندەی دیکە زیانمان پێ دەگەیەنێت، چونکە ئەگەر 'جی پی ئێس' ببەستین، دوو هەزار بۆ ئەوان دەڕوات و نرخی گازی ماڵان لە حەوت هەزار دینارەوە دەبێتە هەشت هەزار دینار".

ئەو بریکارە باسی لەوەش کرد "ئەم بڕیارە زیان بە هەموو بریکارەکانی دابەشکردنی گازی ماڵان دەگەیەنێت، ڕۆژانە لەلایەن هەموو دامودەزگاکانی کەرکووکەوە ستەممان لێ دەکرێت و ئەشکەنجە دەدرێین. پێش 16ـی ئۆکتۆبەر هیچ کێشەیەکمان نەبوو، ژیان لە ژیانی گاز فرۆشان خۆشتر نەبوو، ئێستا ژیانمان نەماوە و بۆ حکوومەت کار دەکەین".

ڕوونیشی کردەوە "ئەم بڕیارە لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نییە، گازی ماڵان گران دەکات و قەیرانی گاز لە کەرکووک دروست دەبێت، ئێمە لە بڕیارەکە ناڕازین و قبووڵی ناکەین".

بریکارێکی دیکەی دابەشکردنی گازی مالان جەختی لەوە کردەوە "ئەگەر ئامێرەکە ببەستین کارمان وەکو دیلیڤەری لێ دێت، لەمەودوا ناتوانین لە کۆڵانەکان بسوڕێینەوە و گاز بفرۆشین، چونکە کڕیاران لە ماڵەوە داوای گاز دەکەن، لەوانەیە بۆ فرۆشتنی یەک قەنینەی گاز، چەندان کیلۆمەتر ببڕین؛ زیانێکی زۆرمان پێ دەگات".