شرۆڤەکارێکی سیاسی: کوشتنی هەنییە و بەئامانجگرتنی حزبوڵڵا و حەشدی شەعبی پێشهاتێکی مەترسیدارە
شرۆڤەکارێکی سیاسی رایگەیاند، کوشتنی ئیسماعیل هەنییە و بەئامانجگرتنی سەربازگەی حزبوڵڵای لوبنانی و حەشدی شەعبی، ئەوانە هەمووی پێشهاتی مەترسیدارن، هەروەها هاتنی کەشتی گەورەی ئایزنهاوەر بۆ ئەوناچەیە پێمان دەڵێت، کە گرژییەکی دیکە بەڕێوەیە.
شرۆڤەکاری سیاسی، عەلی ناسر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پێشهاتەکانی ئەم دواییە پێشهاتی ترسناکن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها کوشتنی ئیسماعیل هەنییە و بەئامانجگرتنی سەربازگەی حزبوڵڵای لوبنانی و حەشدی شەعبی، ئەوانە هەمووی پێشهاتی مەترسیدارن.
گوتیشی: ناتانیاهۆ شەڕێکی گەورەی دژی مقاوەمە دەست پێ کردووە، هەروەها بەئامانج گرتنەکان پێشێلکردنی مافی سیاسیی و نێودەوڵەتی وڵاتانە و تێپەڕاندنی هێڵی سوورە، ئەمە دەبێت هەڵوەستەی لەسەر بکرێت، چونکە ئەمە لەکەرتی غەززەش بەردەوام بوو، ئیسرائیل لە ڕۆژانی ئایندە شتی دیکەش دەکات.
عەلی ناسر، باسی لەوە کرد، پێم وایە کوشتنی هەنیە لە تاران، پەیامێکی ئاراستە کراوە بۆ سەرۆککۆماری نوێی ئێران، کە دوێنێ سوێندی یاسایی خوارد، هاوکات پەیامەکە بۆ هەموو بەرەی مقاوەمەیە لە ناوچەکەدا، کە دەڵێ: ئەو هێرشانە لەهەر کات و ساتێکدا دەبێت بۆ هەموو ئەو لایەنانە.
شرۆڤەکارە سیاسییەکە، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمەریکاش پشتیوانی لەو کردەوانەی ئیسرائیل دەکات، بێ ئەوەی لەوناچەیەدا بێت لەدوورەوە پاڵپشتی ئەو وڵاتە دەکات. هاتنی کەشتی گەورەی ئایزنهاوەر بۆ ئەوناچەیە پێمان دەڵێت کە گرژییەکی دیکە بەڕێوەیە.