کۆمپانیای مێتا بە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار سزا درا

کۆمپانیای مێتا، کە خاوەنی فەیسبووک و ئینستاگرامە، ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر پێدانی یەک ملیار و 400 ملیۆن دۆلار بەهۆی پابەندنەبوون بە یاسای پاراستنی زانیاریی کەسی لە ویلایەتی تەکساس.
داواکاری گشتیی ویلایەتی تەکساس کێن پاکستۆن و کۆمپانیای مێتا، ڕێککەوتن و کۆتاییان بەو ڕێوشوێنە یاساییانە هێنا کە ساڵانێکە بەردەوامە.
پاکستۆن ڕێککەوتنەکەی بە "مێژوویی" وسف کرد و گوتی دوای سکاڵا لە کۆمپانیای مێتا "شانازی دەکەم کە ڕایدەگەیەنم گەیشتوینەتە گرنگترین ڕێککەوتن".
ئەو سکاڵایە کە لە سەرەتای ساڵی 2022 تۆمار کراوە، یەکەم سکاڵا بووە کە وڵاتێک دژ بە کۆمپانیایەکی کەرتی دیجیتاڵ تۆمەتباری دەکات بەوەی ڕێزی لە یاسای پەیوەندیدار بە تۆمارکردن و بەکارهێنانی ناسنامەی بایۆمەتری نەگرتووە.
گوتەبێژی مێتا، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند "ئێمە دڵخۆشین بە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک و ئامادەین بۆ بەرزکردنەوەی وەبەرهێنانەکانمان لە تەکساس، بەتایبەتی لە ڕێگەی پەرەپێدانی ناوەندەکانی داتا".
فەیسبوک سیستەمێکی ناسینەوەی دەموچاوی کاراکردووە کە بەبێ ڕەزامەندی بەکارهێنەرانی پلاتفۆرمەکە، ڕێگە بە کەسێک دەدات بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ناوی ئەو کەسانەی لە وێنەکەدان پیشان بدرێت، هەروەها توانای زیادکردنیشی هەیە.