ڕۆژنامەی نیویۆرک ‌تایمز: خامنەیی بڕیاری وەڵامدانەوەی ئیسرائیلی دەرکرد

ئایەتوڵلا خامەنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەو
ئایەتوڵلا خامەنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەو

ڕۆژنامەی نیویۆرک‌ تایمز لەسەر زاری سێ بەرپرسی ئێرانی ڕایگەیاندووە "ئایوتوڵلا عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران فەرمانی کردووە، هێزەکانی سوپای پاسداران و ئەرتەشی وڵاتەکەی ڕاستەوخۆ وەڵامی هێرشە خوێناوییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئیسماعیل هەنییە لە تاران بدەنەوە".

بەپێی ئەم هەواڵە، بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە چەند کاتژمێرێک دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە لە تاران لە کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەیدا، خامنەیی فەرمانەکەی دەر کردووە.

نیویۆرک‌ تایمز ئاماژەی بەوە داوە "خامنەیی فەرمانی بە سوپای پاسداران و ئەرتەشی وڵاتەکەی کردووە پلانی پێویست بۆ هێرشەکە ئامادە بکەن".

هاوکات بەهۆی ئەگەری هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران، خامنەیی داوای کردووە هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی بکەونە ئامادەباشییەوە.