ڕێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی هەنییە لە تارانەوە بۆ قەتەر دەستی پێ کرد
قالیباف: دەبێت ئیسرائیل باجێکی قورس بدات
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ی ئابی 2024، لە زانکۆی تاران ڕێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی مەکتەبی ساسیی بزووتنەوەی حەماس بەرەو قەتەر دەستی پێ کرد.
ئاژانسی ئێرنا بڵاوی کردووەتەوە، ڕێوڕەسمەکە بە بەشداری بەرپرسانی سەربازیی و حکوومەت و خەڵکی ئێران دەستی پێکردووە و لە دوایین وێستگەی ڕێوڕەسمەکەدا عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران نوێژی مردووی لەسەر دەکات.
لە دەستپێکی ڕێوڕەسمەکەدا، محەممەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گوتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت و تاران ئاماژەیە بۆ شکستی ئیسرائیل.
قالیباف گوتیشی: ئیسرائیل بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەبێت باجێکی قورس بدات، ئەو هێرشەشی کردووەیەتی بە پشتیوانیی ئەمەریکا بووە.
کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ڕێزگرتن لە کوژرانی ئیسماعیل هەنییە کە بەرەبەیانی دوێنێ چوارشەممە لە شوێنی مانەوەی لە تاران لەگەڵ پاسەوانێکی تایبەتی کوژران، سێ ڕۆژ ماتەمینی ڕاگەیاند.
هەروەها ڕایگەیاند، بە دڵنیاییەوە بە فەرمانی ڕێبەری باڵای ئێران لە کات و شوێنی گونجاو وەڵامی تاوانکارییەکانی ئیسرائیل دەدەینەوە.
هەنییە بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆککۆماری نوێی ئیسلامی ئێران، مەسعود پزیشکیان سەردانی تارانی کردبوو، بەڵام دوای تێپەڕبوونی چەند کاتژمێرێک لە ڕێوڕەسمەکە لە هێرشێکدا کوژرا و بڕیارە هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە تەرمەکەی بگوازرێتەوە قەتەر و لەوێ بە خاک بسپێردرێت.