بەیرووت؛ فەرماندەیەکی سوپای پاسداران کوژرا
لەو هێرشەی ئیسرائیل کردیە سەر باشووری بەیرووتی پایتەختی لوبنان بۆ کوشتنی سەرکردە باڵاکەی حزبوڵای لوبنانی، فەرماندەیەکی سوپای پاسدارانی ئێرانیش کوژراوە
ئاژانسەکانی ئێران بڵاویان کردووتەوە، ئێوارەی سێشەممە 30ی تەممووزی 2024، لەو هێرشەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل کردیانە سەر ناوچەیەکی باشووری لوبنان، لە نزیک ئەو باڵەخانەیەی فواد شوکر سەرکردەی حزبوڵای لوبنانیی تێدا کوژرا، ڕاوێژکارێکی سەربازیی ئێران کوژراوە کە لە پارێزەرانی شوێنە پیرۆزەکان بووە.
فارس نیوزی ئێرانی بڵاوی کردووەتەوە، ئەو فەرماندەیەی پاسداران، کە ڕاوێژکاری سەربازیی بووە لە نزیک شوێنی مانەوەی فواد شوکر ناسراو بە (حاجی موحسین) سەرکردەی حزبوڵای لوبنانی لە باشووری لوبنان کوژراوە و دوای چەند کاتژمێرێک توانراوە تەرمەکەی بناسرێتەوە.
هەر لەم بارەوە پێگەی ئەلیکترۆنی تایمز ئۆف ئیسرائیل، بڵاوی کردووەتەوە، ئەو فەرماندە سەربازییەی ئێران کە لە هێرشەکەدا کوژراوە ناوی میلاد بێدییە، هەر لە هەمان ئەو باڵەخانەیەدا بووە کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە باشووری بەیرووت، بۆمبارانیان کردووە.