ناوه‌ندی بڕیار كێشه ده‌خاته به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی یه‌كێتی و گۆڕان
سه‌ره‌ڕای ده‌ربڕیی پاڵپشتی رێككه‌وتنه‌كه
K24 – هه‌ولێر:
هه‌رچه‌نده ره‌وتی "ناوه‌ندی بڕیار" له خاڵی "5" ی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌یاندا نوسیویانه: پابه‌ندین به جێبه‌جیكردنی ڕێكه‌وتنی نێوان یه‌كێتی و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و په‌ره‌پێدانی ئه‌و ڕێكه‌وتنه به كردار و به ئاڕاسته‌ی یه‌كخستنه‌وه و یه‌كگرتنه‌وه له‌گه‌ڵ هاوسه‌نگه‌رانی رابووردوویان و سازدانی تواناكان بۆ چاكسازی و یه‌كخستنه‌وه‌ی نێو ماڵى كورد.
به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنی نێوان یه‌كێتی و گۆڕان زیاتر به ئاگاداری باڵی ده‌ستڕۆیشتووی یه‌كێتی و خودی "هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د" كراوه و له جێبه‌جێكردنی خاڵه‌كانی ڕێككه‌وتنه‌كه‌دا ئه‌و باڵه بڕیاربه‌ده‌ست بوون،و نه‌وشیروان مسته‌فا و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌و ماوه‌یه‌ی ڕێككه‌وتنه‌كه‌دا زۆرتر له‌گه‌ڵ ئه‌و باڵه‌دا كاریانكردووه، بۆیه ئه‌گه‌ری په‌كخستنی ئه‌و ڕێككه‌وتنه هاتووه‌ته ئاراوه، به تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی له بڕگه‌ی "1" راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی "ناوه‌ندی بڕیار"دا هاتووه(تا یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی كێشه‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی یه‌كێتی، له‌ڕێگه‌ی كۆنگره‌یه‌كی شه‌رعی دوور له ته‌زویر و ده‌ستێوه‌ردانی ده‌زگا ئه‌منیه‌كان، ئێمه ناوه‌ندی بڕیاری نێو یه‌كێتی ڕاده‌گه‌یه‌نین. بۆیه لێره به‌دواوه، هیچ بڕیاڕێك، چ له‌ناوخۆی حیزب یا بۆ ده‌ره‌وه‌ی حیزب، به‌بڕیاری گشتگیری یه‌كێتیی نازانرێت گه‌ربێتوو به‌ئاگاداری و په‌سه‌ندكردنی ئه‌م ناوه‌نده‌ی بڕیاره‌ی یه‌كێتی نه‌بێت، به‌پێچه‌وانه‌وه بۆ ناوخۆی یه‌كێتیی و ده‌ره‌وه و بۆ ڕای گشتی ناشه‌رعیبوونی ئه‌و بڕیار‌و سیاسه‌تانه ڕائه‌گه‌یه‌نین).
به گوێره‌ی ئه‌و بڕگه‌یه بێت، وه‌ك پێشوو ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن باڵی ده‌ستڕۆیشتووه‌وه هه‌ر هه‌نگاوێك بنرێت و هه‌ر بڕیارێك بدرێت له‌میانی به كرده‌ییكردنی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان گۆڕان و یه‌كێتیش، ئه‌وه له‌لایه‌ن ناوه‌ندی بڕیاره‌وه به ناشه‌رعی له قه‌ڵه‌م ده‌دریت ئه‌گه‌ر ئاگاداری نه‌بن و ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر نه‌ده‌ن، له‌و حاڵه‌ته‌شدا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌كه‌وێته دوو ڕیانیكه‌وه، یان ده‌بێت ته‌نها مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ باڵی ده‌ستڕۆیشتوو و بڕیار به‌ده‌ستدا بكات، و خۆی له‌سه‌ر پاڵپشتی ئه‌و باڵه ساغبكاته‌وه،یان ده‌بێت چاوه‌روان بكات تا هه‌ردوو باڵه‌كه رازی ده‌بن و كێشه‌كانی ناوخۆیان چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن.