کوەیت: دوای 34 ساڵ هێشتا زیاتر لە 300 کەسمان بێسەروشوێنە لە عێراق

کۆمەڵەیەکی کوەیتی ڕایگەیاند، لەساڵی 1990 کاتێک عێراق کوەیتی داگیر کرد، دوای ئەوەی ڕوفاتی 290 کەس دەرهێنرانەوە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 300 کەسیش بێسەروشوێنن.
فایز ئەلعنزی، سەرۆکی کۆمەڵەی "شەهیدان و زیندانیکراوان و بێسەروشوێنکراوانی کوەیت" ڕایگەیاند، کوەیت توانی ڕوفاتی 294 کەس لە عێراقەوە بگەڕێنێتەوە، هاوکات تا ئێستا 311 کەس بێسەروشوێنن، لەنێویاندا خەڵکی غەیرە کوەیتی تێدایە.
ئاماژەی بەوەش کرد، لەدوای ڕووخانی ڕژێمی عێراقیش دەستمان کردووە بە گەڕان و بەدوای پاشماوەی شەهیدە دیل و ونبووەکانمان لەناو خاکی عێراقدا دەگەڕاین، هەروەها پەیوەندیمان بە چوار شوێنی عێراقەوە کردووە کە پاشماوەی شەهیدە دیلەکانمانی تێدابووە کە بریتین لە "سەماوە، کەربەلا، ڕومادی و عەمارە".
لە 2ی ئابی 1990 عێراق هێرشی کردە سەر کوەیت و داگیری کرد، دوای حەوت مانگ هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمەریکا عێراقی لەو وڵاتە دەرکرد، دواتر گەمارۆی ئابووری کەوتە سەر عێراق کە 13 ساڵی خایاند تا ڕووخانی ڕژێمەکەی سەدام.
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی عێراق، قەرەبووکردنەوەی کوەیت دەستی پێ کرد، کە تا ساڵی 2021، زیاتر لە 52 ملیار دۆلار قەرەبووی کوەیتی کردووەتەوە.