جۆو بایدن: کوشتنی ئیسماعیل هەنییە یارمەتیدەر نییە بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس، هیچ یارمەتیدەر نییە بۆ گەیشتن بە ئاگربەستی شەڕی غەززە. هەروەها مەترسییەکانی فراوانبوونی ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر بووە. دانیشتووانی کەرتی غەززەش ترسیان هەیە کە کوشتنی هەنییە شەڕەکە درێژتر بکاتەوە.

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا تیرۆرکردنی هەنییە چانسی گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەستی لەدەستداوە، لەوەڵامدا گوتی: "کوشتنی ئیسماعیل هەنییە ،هیچ یارمەتیدەر نییە"، ئاماژەی بەوەش کرد، دوێنێ پێنجشەممە، گفتوگۆیەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە، کە حکوومەتی ناتانیاهۆ بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام ئیسرائیل لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گورزی کوشندەی لە هاوپەیمانەکانی ئێران داوە، لەوانە حەماس و گروپی حزبوڵڵای لوبنانی.

بایدن باسی لەوەش کرد، ئیسرائیل وەڵامی هەر هێرشێک دەداتەوە کە بکرێتە سەری، گرژیی نێوان ئیسرائیل و ئێران و حزبوڵڵاش مەترسی فراوانبوونی ململانێکان لە ناوچەکە زیاتر دەکات.

بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، 31ـی تەمموزی 2024، بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەکەی و پاسەوانێکی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد، ئیسماعیل هەنییە دوای بەشداریی لە ڕێوەڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆککۆماری نوێی ئێران، چووەتە شوێنی مانەوەی لە تاران و دواتر کوژراوە.