ئەمەریکا هۆشداری دەداتە هاووڵاتییانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
ئەمەریکا، هێرشەکەی سەر جورفولسەخر بە کردەیەکی بەرگریکارانە ناو دەبات و هۆشداریش دەداتە ئەو هاووڵاتییانی ئەمەریکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕایگەیاندووە، دۆخەکە هەستیارە و بۆ هەر ئەگەرێک ئامادە بن.
سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هێرشەکەی سەر ناوچەی جورفولسەخری سنووری پارێزگای بابل، بۆ بەرگریی و پاراستنی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بووە. چونکە، گرووپە ملیشیاکانی عێراق سەرقاڵی ئامادەکاریی بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا بوون.
سینگ ڕاشیگەیاند، وڵاتەکەی هەرگیز لە گرتنبەری ڕێکاری پێویست بۆ بەرگری و پاراستنی سەرباز و دیبلۆماتکارانی لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سڵ ناکاتەوە.
هەروا سابرینا سینگ، ڕاشیگەیاند :وەزیری بەرگری ئەمەریکا، لوید ئۆستن، فەرمانی جوڵاندنی هێزێکی زیاتری کردووە بۆ پشتیوانی لۆجستیی زیاتر بۆ ئیسرائیل و زیادکردنی پاراستنی هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا". بەبێ ئەوەی وردەکارییەکان بدرکێنێت.. بەڵام گوتی: ڕێوشوێنە نوێیەکەی بەرگریی، کەشتیی جەنگی، کەشتیی فڕۆکە هەڵگر، سیستەمی بەرگری ئاسمانی و زیادکردنی ژمارەی سەربازەکان دەگرێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، بەشی کاروباری باڵیۆزخانە و کونسوڵگەرییەکانی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هۆشدارینامەیەکی ئاراستەی هاووڵاتییانی کردووە و ڕایگەیاندووە "دۆخی ئەمنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تەواوی شڵەژاوە. هەروەها داوا لە هاووڵاتییانی ئەمەریکی دەکات، هۆشیاربن و خۆیان بۆ هەر ئەگەرێک ئامادە بکەن".
هەروەها ئاماژەی داوە، ئەگەری هەیە گرژییەکان ببنە هۆی هەڵەوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تاران و کوژرانی سەرکردەی حزبوڵای لوبنانی بە ناوی فواد شکور لە بەیرووت و هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە لەلایەن ئێران و حزبوڵاوە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر شڵەژاوە و چەندین وڵات داوایان لە هاووڵاتییەکانیان کردووە سەردانی ئێران و لوبنان نەکەن، ئەوانەشی لەو دوو وڵاتەن بە پەلە هەردوو وڵاتەکە جێبهێڵن.