ماتیۆ میللەر: دادپەروەریی بۆ ئێزدییەکان بەدی دێنین

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاشکرای دەکات، بەردەوام دەبن لە داکۆکیکردن بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ ئێزدییەکان.
شەممە 3ـی ئابی 2024، ماتیۆ میللەر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە تۆڕی ( ئێکس) بڵاوی کردەوە: بەهێزی و خۆڕاگریی ڕزگاربووان بەرز دەنرخێنن و یادی قوربانییانی جینۆسایدی دەستی تیرۆریستانی داعش دەکەنەوە.
میللەر ڕایدەگەیەنێت: بەردەوام دەبن لە داکۆکیکردن بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ ئێزدییەکان و هەموو ئەوانەی دووچاری کۆمەڵکوژیی هاتوونەتەوە.
هەر ئەمڕۆ لە بیرەوەری 10 ساڵەی کۆمەڵکوژکردنی ئێزدییەکان، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق ڕایگەیاند: هانی خێرا جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەی شنگال دەدەن.
کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێریش گوتی: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پابەندبوونی خۆی دوپات دەکاتەوە بۆ پشتیوانیکردن لە پێکهاتە ئێتنیکی و ئایینیەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان.