دەستەی دەریایی بەریتانیا: کەشتییەکی بازرگانی لە بەندەری فاو ئاگری گرت

بەگوێرەی زانیارییەکانی دەستەکە، کەشتییەکە لە دووری 63 میلی دەریایی لە بەندەری فاو لە عێراق ئاگری گرتووە.

دووشەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2026، دەستەی دەریایی بەریتانیا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، زانیارییان لە دەستەی کەشتییەکی بازرگانییەوە پێگەیشتووە، سەبارەت بە گڕگرتنی کەشتییەکەیان، رایگەیاندووە، کەشتییەکە لە دووری 63 میلی دەریایی لە بەندەری فاوی عێراق تووشی ئەو رووداوە بووە.

دەستەی دەریایی بەریتانیا ئاماژەی بەوەشکردووە، تاوەکوو ئێستا هۆکاری رووداوەکە و ئەو ئاگرەی دروست بووە دیارینەکراوە، ئایا هێرشی مووشەکی و درۆنی بووە، یان بە هۆکاری تەکنیکی رووداوەکە روویداوە.

لە بارەی زیانە گیانی و مادییەکانەوە، دەستەکە رایگەیاندووە، تاوەکو ئێستا تیمی کەشتیوانی سەر کەشتییەکە هیچ چارەنووسێکیان دیار نییە و نازانرێت لە رووداوەکەدا رزگاریان بووە یاخود گیانیان لەدەستداوە. 

ئەم هێرشانە هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا. هاوکات هێرشی سەر کەشتییە بارزگانییەکان لە گەرووی هورمز و بابولمەندەب لەگەڵ هەڵکشانی گرژییەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.