ڕێبەر ئەحمەد لە ئەڵمانیا سەردانی پەرلەمانی هەرێمی نۆردترایم ڤێست ڤالنی کرد

K24 – هەولێر:
رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەیاوەری شاندێک، سەردانی پەرلەمانی هەرێمی نۆردترایم ڤێست ڤالن لە دۆسلدۆرف لە وڵاتی ئەڵمانیا کرد و لەلایەن ڕاینەر شمێلتز جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان و سەردار یوکسل ئەندامی پەرلەمانی NRW لە پارتی SPDـەوە پێشوازیان لێکرا.
ڕاینەر شمێلتز لە پەیڤێکدا بەخێرهاتنی وەزیری ناوخۆ و شاندی یاوەری کرد، پاشان گوتی: لەو بارودۆخە ئاڵۆزەی ناوچەکەتانەوە هاتنتان بۆ ئێرە زۆر پێویست بوو، تا بتوانین پەیوەندیەکانمان زیاتر بەهێز بکەین و ئاگاداریشین ئێوە چ ئازار و تەنگ و چەڵەمەیەکتان هەیە، هاوکات گوتیشی ئەو تەنگ و چەڵەمە و ناخۆشیانەی کە هەن بۆ من و ئێوەش وامان لێدەکات کە کاری دیپلۆماسی هاوبەش و زیاتر بەیەکەوە بکەین و لە کارکردن نەوەستین.
شمێلتز ئاماژەی بەوەشکرد: هەرچەندە ئێمە لە نەخشاندنی کاری سیاسەتی دەرەوە ڕۆڵێکی ئەوتۆمان نییە، بەڵام دەمانەوێت ئێمەش کار بکەین و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێوە ببەینە پێش و بە وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی گوت: جەنابی وەزیر هاتنتان بۆ ئێرە هەنگاوێکە بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندی نێوان هەردوو هەرێم، ئێمە لە بواری مرۆیی کەمتەرخەم نەبووینە وە بەڕێز سەردار یوکسل بەردەوام لە هەوڵدا بووە بۆ کاری مرۆڤدۆستی و پێشکەش کردنی هاوکاری بەردەوام.
لەبارەی پرسی ئاوارەکان، جێگری سەرۆکی پەرلەمان سوپاسی وەزیری ناوخۆ و شاندی یاوەری کرد کە بەردەوام بەشەفافی کاریان کردووە، هاوکات گوتیشی، خەمی ئاوارەکانی عێراق و ئێزدییەکان لە کوردستان بەشێکن لە خەمی ئێمەش، جگە لە پرسی هاوکاریکردن دەمانەوێت لە بواری لێبوردەیی و یەکتر قبووڵ کردنیش لە نێوانیاندا ڕۆڵمان هەبێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، شمێلتز باسی لەوەکرد: ناساندنی جینۆسایدی ئێزدییەکانیش لە پەرلەمانی ئەڵمانیا دەستپێکێکی باش دەبێت. ئێمەش لێرە پرۆژەیەکمان هەیە بۆ یەکتر قبووڵکردنەوەی یەکدی کاتێک تەواو دەبێت، دەبێتە کارێکی مێژوویی.
لەلایەن خۆیەوە، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی نووسینی بیرەوەری لە پەرلەمانی نۆردترایم ڤێست ڤالن، سوپاسی سەردار یوکسل، ئەندامی پەرلەمانی کرد بە ڕەخساندنی ئەو دیدارە، هاوکات لەسەر پرسی دیموکراسی و ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان، وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەکرد: بە هاوکاری ئێوە و دۆستانمان دەتوانین نموونەیەکی باشتر لە دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشکەش بکەین.