حوسییەکان بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر کەشتییەکی بازرگانی

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی کۆمپانیای ئەمنیی دەریایی بەریتانی "ئەمیر"ی ڕایگەیاند، حوسییەکان بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی کەشتییەکی بازرگانی کە نزیکەی 58 میلی دەریایی لە باشووری ڕۆژئاوای حودەیدە لە یەمەنەوە دوورە، بە ئامانج گرتووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، هیچ بریندارێک و زیانێکی ماددی تۆمار نەکراوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا، دوو مووشەکی دژە کەشتی و وێستگەیەکی کۆنترۆڵی زەمینی سەر بە حوسییەکانی یەمەن لەناوبردووە.

جگە لەوەش هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا، بەلەمێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لە دەریای سووردا بە سەرکەوتوویی لەناوبرد.

فەرماندەیی ناوەندی ڕایگەیاند، ئەم چەکانە هەڕەشەیەکی گەورەن بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان و کەشتییە بازرگانییەکانی ناوچەکە. بەو پێیەی کە ئەم "هەڵسوکەوتە بێباکانە و مەترسیدارەی حوسییەکان بەردەوامە لە هەڕەشەکردن لە سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە".

بەگوێرەی کەناڵی مەسیرەی یەمەن، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، سێ هێرشی ئەمەریکی – بەریتانیا ناوچەی "ڕاس عبسی" لە ناوچەی سەلیف لە یەمەن کردە ئامانج و ناوچەی جەبانی گرتەوە، کەناڵەکە هیچ وردەکارییەکی لەبارەی قوربانییەکان و زیانەکانی نەخستەڕوو.

 ڕۆژی 7ـی ئابی 2024، حوسییەکانی یەمەن لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایانگەیاند "کە لە نێوان مانگی نۆڤەمبەری 2023 تا مانگی تەممووزی ڕابردوو، 170 کەشتییان پێکاوە کە پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە".

ڕوونیشی کردەوە، ئەو کەشتیانەی لە ئۆپەراسیۆنەکانیان پێکراون، 41 کەشتیی ئیسرائیلی و 72 کەشتیی ئەمەریکی و 12 کەشتیی بەریتانی بوون.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کراوە، "لە ئۆپەراسیۆنەکانیان ئەو کەشتیانەیان پێکراون کە لە دەریای سوور، دەریای عەرەبی، زەریای هیندستان و دەریای ناوەڕاست تێپەڕیون، لەگەڵ 45 کەشتیی سەر بەو کۆمپانیانەی کە پێشێلیی بڕیاری قەدەغەکردنی هاتنی کەشتییەکان بۆ بەندەرەکانی فەڵەستینی داگیر کراو".

هەروەها پێکرانی کەشتییەکانی ئیسرائیل بەم شێوەیە دابەش کراوە:

7 کەشتی لە زەریای هیندی، 6 کەشتی لە دەریای عەرەبی، 8 کەشتی لە کەنداوی عەدەن، 18 کەشتی لە دەریای سوور، 2 کەشتی لە دەریای ناوەڕاست