سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری: پێویستە مریشک لەسەربڕخانەکان سەرببڕدرێن
بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری ڕایدەگەیەنێت: پێویستە مریشک لەسەربڕخانەکان سەرببڕدرێن، دوای ئەوە گۆشتەکەی بخورێت، دەشڵێت: گۆشتی هەر پەلەوەرێک لەسەربڕخانەکان بەرهەم بێت، شیاو و تەندروستە بۆ بەکارهێنان.
یەکشەممە 11ـی ئابی 2024، بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕایگەیاند: ماوەیەکە مەترسیی خواردنی گۆشتی مریشکی هێلکەکەر و بەتایبەت( مریشکی سوور)، ترسی لای هاووڵاتییان دروستکردووە، بۆیە ڕوونکردنەوەیەکی بە هاووڵاتییان داوە و دەڵێت: ئەگەر ئەو مریشکە هێلکەکەرە گۆشتەکەی لەسەر بنەمای زانستی بەکاربهێندرێت، هیچ مەترسییەکی نییە، بنەمای زانستی بەکارهێنانی گۆشتی ئەو مریشکە پەیوەستە بە نەبوونی نەخۆشی لە پەلەوەر و ماوەی بەکارهێنانی دەرمانی تێپەڕاندبێت، دەشڵێت: ئەگەر مریشکە هێلکەکەرەکە نەخۆشیش بێت، شیاوە بۆ خواردن ئەگەر ماوەی بەکارهێنانی دەرمانی تەواو کردبێت، هەرچەند بەکارهێنانی دەرمان و ڤاکسین بۆ پەلەوەر ئاساییە بەڕێنمایی پزیشکی ڤێتێرنەری، هیچ جیاوازیەکیش لەنێوان مریشکی هێلکەکەر و مریشکی خۆماڵی و لەڕووی بەکارهێنانی دەرمان و ڤاکسین نییە.
دەشڵێت: چۆن خواردنی هێلکەی مریشکی هێلکەکەر ئاسایی و تەندروستە، بەهەمان شێوە خواردنی گۆشتەکەشی تەندروستە، جەختیش دەکاتەوە کە پێویستە مریشک لەسەربڕخانە فەرمییەکان سەر ببڕدرێن، دواتر بەکاربهێندرێن، دەشڵێت: گۆشتی هەر پەلەوەرێک لەسەربڕخانەکان بەرهەم بێت، شیاو و تەندروستە بۆ بەکارهێنان.
بۆیە دڵنیایی داوەتە هاووڵاتییان بەکارهێنانی گۆشتی هەرجۆرە مریشکێک لەژێر سەرپەرشتی و ڕێنماییەکانی ڤێتێرنەری بەرهەمهابێت، تەندروست و شیاوە بۆ خواردن.