بە پڕۆژەی نوێی ئاوەڕۆ و چاودێریی بەردەوام، هەولێر خۆی بۆ زستانێکی بێ کێشە ئامادە دەکات

بە مەبەستی خۆئامادەکردن بۆ وەرزی زستان و رێگریکردن لە دروستبوونی لافاو، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەڕۆی هەولێر کۆمەڵێک پڕۆژەی نوێ و هەنگاوی مەیدانی راگەیاند، و جەختیش لەوە دەکاتەوە، سەرجەم تیمە خزمەتگوزارییەکان لە ئامادەباشیدا دەبن.

دووشەممە 2ـی تشرینی دووەمی 2026، زەردەشت عەبدولخالق، بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان 24 رایگەیاند: "لە پارێزگای هەولێر ژووری قەیرانەکان بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی پارێزگار پێکهاتووە و سەرجەم فەرمانگە پەیوەندیدارەکان، لەوانە شارەوانییەکان، ئاوەڕۆ، ژینگەپارێزی، گەشەپێدان، بەرگریی شارستانی و پۆلیس، لە ئامادەباشیدا دان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو لە شارەکەدا."

بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی هەولێر رایگەیاند، سەرەڕای تیمەکانی پاککردنەوە، 14 وێستگەی ژێرپردەکانی هەیە کە بە شێوەی شەونوخوونی کار دەکەن و ماتۆڕ و مۆلیدەیان بۆ ئامادە کراوە تاوەکو رێگری لە کۆبوونەوەی ئاو و مەترسیی لافاو لەو ناوچانە بگرن و بە خێراترین کات ئەو ناوچانە لە رووبەڕووبوونەوەی لافاو و کۆبوونەوەی ئاو بپارێزن. زەردەشت عەبدولخالق جەختیکردەوە، پلانەکان سەرجەمیان بە ئامانجی ئەوە داڕێژراوە کە گیان و سەر و ماڵی هاووڵاتییان پارێزراو بن و دوور بن لە گەر زیانێکی مادی و گیانی. 

خاوێنکردنەوەی مەنهۆڵەکان و ئامادەکاریی تیمەکانی شارەوانی هەولێر بۆ رێگری لە لافاو 

 

 

پڕۆژە ستراتیژییەکان بۆ خزمەتکردنی گەڕەکە هەژار نشینەکان

سەبارەت بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، زەردەشت عەبدولخالق روونی کردەوە، پڕۆژەی گەڕەکی باخلوومنارە لە خوارووی هەولێر یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکان بۆ دانیشتووانی ناوچەکە، کە تێیدا ژێرخانی ئاوەڕۆ، شەقام و شۆستەکەی بە شێوەیەکی مۆدێرن بۆ دابین دەکرێت. لەم چوارچێوەیەدا، 23 هەزار و 500 مەتر ئاوەڕۆی لولەیی بە قەبارەی جیاجیا و نزیکەی 6500 مەتر ئاوەڕۆی سندوقی جێبەجێ دەکرێن، کە رۆڵێکی سەرەکییان دەبێت لە نەهێشتنی کۆبوونەوەی ئاو.

هەروەها پڕۆژەیەکی دیکەی ئاوەڕۆی سندوقی لە شەقامی پیرمام و گەڕەکی شاوەیس بۆ دەربازکردنی ئاو بەرەو دەرەوەی شار بە گوژمەی 600 ملیۆن دینار کاری تێدا دەکرێت.

پرۆژەکانی گەڕەکی باغلومنارە 
پرۆژەکانی گەڕەکی باغلومنارە 
پرۆژەکانی گەڕەکی باغلومنارە 

 

پڕۆژەی ریسایکلینی ئاو و پاککردنەوەی رێرەوە سروشتییەکان

بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی هەولێر باسیشی لە پڕۆژەی ریسایکلینی ئاو کرد و رایگەیاند، پڕۆژەکە شەش دەرچەی سەرەکیی ئاوەڕۆی هەولێر لە خۆ دەگرێت و 21 کیلۆمەتر ئاوەڕۆ بە قەبارەی جیاجیا دروست دەکرێت. هەروەها وێستگەی تایبەت لەم پڕۆژەیەدا هەیە کە توانای پاککردنەوەی 262 هەزار و 500 مەتر سێجار ئاوی لە رۆژێکدا هەیە، کە بۆ ئاودانی سەوزایی، شوشتن و کارگە گەورەکان بەکار دەهێنرێتەوە، ئەمەش وەک پڕۆژەیەکی خەونی مێژوویی لە کابینەی نۆیەمدا بەردی بناخەی بۆ دانراوە.

سەبارەت بە ئامادەکارییە وەرزییەکان لە ناوچەکانی دەوروبەری هەولێر (وەک دارەتوو، کەسنەزان، بنەسڵاوە، شاوەیس، بەحرکە، سێبەردان و کانی قڕژاڵە)، زەردەشت عەبدولخالق جەختیکردەوە، لە 15ـی ئەیلوولەوە سەرجەم رێرەوە سروشتییەکان، ئینلێت و مەنۆڵەکان بە هاوکاریی ژینگەپارێزی پاک کراونەتەوە بۆ ئەوەی زۆرترین بڕی ئاو لە خۆ بگرن.

پرۆژەی ریسایکلینی ئاوی قورس لە پارێزگای هەولێر 
پرۆژەی ریسایکلینی ئاوی قورس لە پارێزگای هەولێر 

 

چارەسەرکردنی کێشەی پردی سەیداوە و بازاڕی نیشتمان

لەبارەی کێشەی کۆن و دووبارەبووەوەی ئاو لە ناوچەی سەیداوە و نزیک بازاڕی نیشتمان، کە بەهۆی بچووکیی قەبارەی ئاوەڕۆیەکانەوە دروست بووە، زەردەشت عەبدولخالق ئاشکرای کرد، دەرخستەیەکی پێویست بە گوژمەی 24 ملیار دینار ئامادە کراوە و رەوانە کراوە بۆ رەزامەندی و تەرخانکردنی بودجە. بە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە کێشەی شوێنەکانی دیکەی وەک دەوروبەری یاریگای هەولێر دانراون، کێشەی کۆبوونەوەی ئاو لەو ناوچانەش بە تەواوی چارەسەر دەبێت.

خاوێنکردنەوەی ژێر پردی سەیداوە بۆ رێگری لە پەنگخواردنەوەی ئاوی باران
خاوێنکردنەوەی ژێر پردی سەیداوە بۆ رێگری لە پەنگخواردنەوەی ئاوی باران