کاروان کەریم خان: بە جێبەجێکردنی چەندین پرۆژە ژێرخانی خزمەتگوزارییەکان لە شەقڵاوە دەبوژێنینەوە
قایمقامی قەزای شەقڵاوە ئاشکرای دەکات، پێنج ملیار دینار بۆ جێبەجێکردنی چەندین پرۆژە لە شەقڵاوە، تەرخان کراوە، دەڵێت؛ بەو پرۆژانە ژێرخانی خزمەتگوزاریی لە شەقڵاوە دەبوژێننەوە
دووشەممە 12ـی ئابی 2024، کاروان کەریم خان، قایمقامی قەزای شەقڵاوە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: 14 ملیار دینار بۆ جێبەجێبەجێکردنی چەندین پرۆژە لە پیرمام و شەقڵاوە و هەریر خەرج کران، پێنج ملیار دینار بەر شەقڵاوە دەکەوێت لەکۆی ئەو 14 ملیار دینارە، بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانی ئاو، ڕووناک کردنەوەی شەقامەکان و کارەبا، هاوکات بۆ بواری پەروەردە و چاککردنی شەقامە ناوخۆییەکان، دەڵێت: بەپێی پێویستیی شەقڵاوە ئەو بوودجەیە تەرخان کراوە.
کاروان کەریم خان گوتی: بەردەوام هەوڵ دەدەین ژێر خانی خزمەتگوزاریی لە شەقڵاوە ببووژێنینەوە، هەموو ئەو پرۆژانەی جێبەجێ دەکرێن، پێویستیی خەڵکن، گوتیشی: پرۆژەکان بارو گوزەرانی هاووڵاتییان باش دەکەن، کۆمەڵێک پرۆژەی دیکەش پێشتر ئەنجام دراون.
قایمقامی شەقڵاوە ئاماژەی بەوە کرد، چەند ڕێگەیەک چاککراونەتەوە، وەکو ڕێگەی بازرگانیی دەشتی هەریر – هیران، هەروەها ڕێگەی هیران-شەقڵاوە، لەگەڵ فراوانکردنی ڕێگەی بالیسان و شاڕێگەی هامڵتۆن- هەولێر-حاجی ئۆمەران کە چەند بڕگەیەکی ماوە تەواو بکرێت.
گوتی: ڕێگە بەشێگی گرنگە لە بەستنەوەی شار و شارۆچکە و گوند و ناوچەکانی کوردستان کە پەیوەندییەکانی بازرگانیی و کۆمەڵایەتیی بەهێز دەکات، ئاماژەی بەوە کرد کە بە چاککردنەوەی ڕێگەکان لەنێوان شەقڵاوە و سۆران و ئاکرێ، دەیانەوێت بازاڕێکی دینامیکی جووڵاو لەنێو ئەو سێ ناوچەیە دروست بکەن بۆ ئەوەی بگەنە ئەو ئامانجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیەتی بۆ بووژانەوەی شار و شارۆچکەکانی کوردستان.
کاروان کەریم خان نەیشاردەوە کە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرەڕای لەمپەرەکانی بەردەمی، پرۆژەکانی ڕانەگرتووە بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان، گوتی: یەکێک لە پرەنسیپە لەپێشینەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشکەشکردنی باشترین خزمەتە بە هاووڵاتییان.