پهرلهمانتارێكی پێشووی گۆڕان: کات درەنگە.. تکایە فریاکەون
پەلە بکەن ئەگینا دۆخەکە بەجێمان دێڵێ و دەبین بەژێر پێوە
K24 - ههولێر:
سهردار عهبدوڵڵا ئهندامی پێشووی پهرلهمانی عێراق لهسهر لیستی گۆڕان، له "بهیاننامهیهكی بهپهله بۆ سهركرده كوردستانییهكان" داوایان لێدهكات، واز له پرسه لۆكاڵییهكان بهێنن و "كهمێك بەرز ببنەوە" بۆ ئاستی ئازایەتی و مەزنی ئەم میللەتە.
دهقی "بهیاننامهكهی" سهردار عهبدوڵڵا:
بەیاننامەیەکی بەپەلە بۆ سەرکردە کوردستانییەکان
بەڕێزان/
سەرۆک حیزبە سەرەکییەکانی چوار پارچەی کوردستان
کات درەنگە... تکایە فریاکەون
وا کۆبونەوەی (G20) دەست پێدەکات و لە پەراوێزی ئەو کۆبونەوەیەدا جۆرەها دیداری گرنگ و چارەنوسساز دەکرێ، لەوانەش سەرۆکی تورکیا کە سەرۆکی بەهێزترین وڵاتانی جیهان دەبینێ. دەنگۆش هەیە کە لە ئایندەیەکی نزیکدا لە مۆسکۆ سەرۆکی سوریاش ببینێ.
سەرۆکی روسیا بەئاشکرا باسی ئەگەری رێککەوتنی نزیکی وڵاتەکەی و ئەمریکا دەکات، و لەپێناوەشدا کیری و لاڤرۆڤ لە جنێڤ سەرقاڵی (لێنان)ی ئەو رێککەوتنەن، کە لەوانەیە ژەهری کوشندەی بۆ کورد تێدابێ.
رۆژی 21ی ئەم مانگە ئەنجومەنی ئاسایش لە سەر سوریا کۆدەبێتەوە، بۆیە دیمستۆرا بە ئاشکرا باس لە گەڵاڵەکردنی رێککەوتنەکە دەکات.
هەر ئەو کاتە لە نیویۆرک کۆبونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان بە ئامادەبونی سەرۆکی دەوڵەتانی جیهان ئەنجام دەدرێ.
لە ئێستاوە و لە پشتی پەردە و ئەوەی پێی دەوترێ (مەتبەخ)ی سیاسی، شتەکان ئامادە دەکرێن و چاوەڕوان دەکرێ لەپەراوێزی ئەو کۆبونەوەیەدا بڕیار و رێککەوتنیان لەسەر بکرێ.
پێدەچێ روسەکان پەلەیان بێ بۆ رێککەوتنێک لەگەڵ ئەمریکا پێش ئەوەی هەڵبژاردن بکرێ، لەدواییدا لەم سەرۆکەی ئێستای ئەمریکایان لاوازتر دەست ناکەوێ و، ناشیانەوێ خۆیان بدەنە دەست قەدەری ئەگەری مامەڵەکردن لەگەڵ دۆناڵد ترامپدا.
دەیان دانیشتن و هەواڵی ئاشکرا و ژێربەژێر کە لەم پاتەخت یان ئەو کۆنگرەوە ناو بەناو دزە دەکەن، کە چارەنوسی میللەتەکەمان و نیشتمانەکەمانیان لەسەر وەستاوە، کەچی ئێوە سەرقاڵی مەسەلە لۆکاڵ و لاوەکیەکانن. ئاشکرایە کە وەک دەیان جاری دیکەش وتومانە: ئەوەی خاوەنی ستراتیژی خۆی نەبێت، دەبێتە خزمەتکاری ستراتیژی ئەوانی دیکە، کە بەشێک لەوانی دیکە، دوژمن و داگیرکەری کوردستانن.
لێرەوە و، پاش دەیان جار روی قسەم دەکەمە ئێوە، تکایە لەبەر خاتری خوێنی شەهیدان و خەونە مەزنەکانیان..
لەبەر خاتری نەوەکانی داهاتومان..
لەو لۆکاڵی و مەسەلە لاوەکیانە گەڕێن و کەمێک بەرز ببنەوە بۆ ئاستی ئازایەتی و مەزنی ئەم میللەتە کە بەرگەی هەمو سەختیەکانی گرتوە کە دواینیان، نەبونی و بێ موچەییە.
کەمێک بەرز ببنەوە بۆ ئاستی ئازایەتی و خۆنەویستی کچ و کوڕە ئازاکانمان لە هەمو پارچەکانی نیشتمان، کە تاکە هێزن توانیویانە تیرۆر و وەحشیەتی داعش بشکێنن.
ئەم مانگە زۆر هەستیارە و گۆڕانکاری زۆر گەورە و چارەنوسساز بەڕێوەیە، بۆیە بەپەلە فریاکەون، پێکەوە کۆببنەوە بۆ ئەوەی پلان و ستراتیژێکی هاوبەش دانێن و میللەتەکەمان لەم قۆناغە چارەنوسسازەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، لە مەترسییە گەورەکان بپارێزن و ئەو دەستکەوتە گەورانە وەدست بێنن کە چاوەڕێی یەکڕیزیی و کارایی کاراکتەری کورد دەکات.
کورد ژمارەیەکی زۆر گەورەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بەڵام بەداخەوە یاریکەرێکی خراپە. بۆیە نابێ یەک چرکە بەفیڕۆ بدەن، هەرچی زوە پەلە بکەن ئەگینا دۆخەکە بەجێمان دێڵێ و دەبین بەژێر پێوە.