ئەمڕۆ هەڵسەنگاندنی وەزیرە پێشنیازکراوەکانی حکوومەتی نوێی ئێران کۆتایی دێت

پەرلەمانی ئێران
پەرلەمانی ئێران

عەباس پاپی زادە ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، تاکۆتایی ئەمشەو هەموو لێژنە پسپۆرییەکانی پەرلەمان ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندنەکانیان لە بارەی کاندید و کابینەی پێشنیازکراوی حکوومەتی نوێی ئێران پێشکەش بە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکەن.

پاپی زادە بۆ ئاژانسی ئێرنا قسەی کردووە و گوتوویەتی: بەگوێرەی پلان و بەرنامەی ئامادەکراو، کارەکانی پێداچوونەوە بە بەرنامە و لێهاتوویی وەزیرە پێشنیازکراوەکان لە شەممە 17ی ئاب لە پەرلەمان دەست پێدەکرێت.

سەرەتای ئەم هەفتەیە لە یەکشەممە 12ی ئاب، لیستی ناوی وەزیرە پێشنیارکراوەکانی کابینەی چواردەهەمین حکوومەتی ئیسلامی پێشکەش بە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراوە.

ڕۆژی دووشەممه 13 ی ئاب لێژنه تایبەتەکانی پەرلەمان دەستیان بە هەڵسەندگاندنی بەرنامە و پلانە پێشنیازکراوەکانی کابینەی نوێ کردووە، هەربۆیە سەرجەم وەزیران لەم هەفتەیەدا بەشداری تەواوی کۆبوونەوەی لێژنەکانی پەرلەمان بوون.

ئەگەر تاوەکوو سبەی کاری هەڵسەنگاندنەکان کۆتایی پێبێت، ئەوە بە دڵنیاییەوە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، وادەیەک بۆ پەسەندکردن و سوێند خواردنی کاندیدە وەزیرە پێشنیازکراوەکانی حکوومەت ڕێک دەخرێت.