مەسرور بارزانی: پارتی هەمیشە قوتابخانەی کوردایەتیی و نیشتمانپەروەریی بووە

مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان

مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە یادی 16ـی ئابدا، دەڵێت، پارتی هەر لە ڕۆژی یەکەمی دامەزراندنییەوە، هەمیشە قوتابخانەی کوردایەتیی و نیشتمانپەروەریی بووە. 

مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەبۆنەی 78ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی و ساڵڕۆژی لەدایکبوونی سەرۆک بارزانی؛ پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە.

مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا دەڵێت، "گەرمترین پیرۆزبایی لە جەنابی سەرۆک و گشت ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان و پێشمەرگە قارەمانەکان و کوردستانییانی نیشتمانپەروەر دەکەم".

بە گوتەی مەسرور بارزانی، "پارتی هەر لە ڕۆژی یەکەمی دامەزراندنییەوە لە سەر دەستی ڕابەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بارزانیی نەمر، هەمیشە قوتابخانەی کوردایەتیی و نیشتمانپەروەریی و حزبی هەموو چین و توێژ و پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بووە".

پارتی، وەکو ئەوەی لە پەیامەکەی مەسرور بارزانیدا ئاماژەی پێ کراوە، "ئەمڕۆ یەکێکە لە گەورەترین و بەهێزترین و کاریگەرترین حزبەکانی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و ڕۆڵی گرنگ و کارای لە پاراستنی قەوارەی دەستووری و بەدەستهێنانی دەسکەوتە نیشتمانییەکانی خەڵکی کوردستاندا هەیە".

جێگری سەرۆکی پارتی، لەبارەی هەوڵەکانی لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "پارتی تاکە ئومێدی خەلکی کوردستانە کە ڕێگە نەدات پیلانی لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان سەر بگرێت".

دەقی پەیامی جێگری سەرۆکی پارتی لە یادی 16ـی ئابدا:

بە بۆنەی حەفتا و هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ساڵڕۆژی لەدایکبوونی سەرۆک و ڕێبەری نیشتمانیمان جەنابی سەرۆک بارزانی ، گەرمترین پیرۆزبایی لە جەنابی سەرۆک و گشت ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان و پێشمەرگە قارەمانەکان و کوردستانییانی نیشتمانپەروەر دەکەم. 

پارتی هەر لە ڕۆژی یەکەمی دامەزراندنییەوە لە سەر دەستی ڕابەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بارزانیی نەمر ، هەمیشە قوتابخانەی کوردایەتیی و نیشتمانپەروەریی و حزبی هەموو چین و توێژ و پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بووە.  

پارتی خاوەنی مێژووییەکی پڕ لە سەروەری و فیداکاری و بەرگریکردنە لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی گەلی کوردستان و ئەمڕۆش بە هۆی سەرکردایەتیی دووربینانە و لێهاتووانەی جەنابی سەرۆک و دڵسۆزی و لەخۆبردوویی ئەندامان و جەماوەر و لایەنگرانی پارتی، پارتیمان یەکێکە لە گەورەترین و بەهێزترین و کاریگەرترین حزبەکانی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و ڕۆڵی گرنگ و کارای لە پاراستنی قەوارەی دەستووری و بەدەستهێنانی دەسکەوتە نیشتمانییەکانی خەڵکی کوردستاندا هەیە. پارتی تاکە ئومێدی خەلکی کوردستانە کە ڕێگە نەدات پیلانی لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان سەر بگرێت و بەرگریکارێکی سەر سەخت دەبێت بۆ ئەوەی ڕێگە لە بەدەستەوەدانی خاک و مافەکانی خەلکی کوردستان بگرێت.   چاوەڕوانین ئەندام و لایەنگرانی پارتی ، بە هەموو گوڕ و تین و دڵسۆزیێکەوە، بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بکەن بۆ ئەوەی وەک هەمیشە، پارتی هێزی یەکەم و پێشەنگی کوردستان بێت ، چونکە سەرکەوتنی پارتی ، سەرکەوتن و پێشکەوتن و ئاوەدانیی کوردستانە.

لە یادی شازدەی ئاب و ساڵیادی دامەزراندنی پارتیدا، سڵاو لە دامەزرێنەری پارتی ، مستەفا بارزانی و سەرکردەی هەمیشە لەیاد ئیدریس بارزانی و گشت شەهیدانی ڕێگەی ئازادی کوردستان. 

مەسرور بارزانی
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان 
شازدەی ئابی 2024