ئەلینا ڕۆمانۆوسکی: چاومان لە قووڵترکردنەوەی پەیوەندییە ئەمنییەکانە لەگەڵ هەرێمی کوردستان

ئەلینا ڕۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە بەغدا
ئەلینا ڕۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە بەغدا

K24 – هەولێر:

باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ڕایگەیاند، چاویان لەوەیە پەیوەندییە ئەمنییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان قووڵتر بکەنەوە و ئامادەیی وڵاتەکەشی نیشاندا بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنێکی پاک و ئازاد لە 20ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان.

16ـی ئابی 2024، ئەلینا ڕۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پێشوازی دەستبەکاربوونی ستیڤن بیتنەر، کونسوڵی گشتی نوێی ئەمەریکا لە هەولێر کرد و ڕایگەیاند، چاویان لە قووڵکردنەوەی پەیوەندییە ئەمنییەکانە لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

هەروەها ڕۆمانۆوسکی جەختیشی کردەوە، ئامادەن چاودێری هەڵبژاردنێکی پاک و ئازاد بکەن لە 20 تشرینی یەکەمی ئەمساڵ.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ستیڤن بیتنەر لە جێگەی مارک سترۆ، وەک کونسوڵی گشتیی نوێی ئەمەریکا لە هەولێر دەستبەکاربوو، هاوکات سەردانی سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێم و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کرد.

لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە 15ـی ئابی 2024، کونسولی گشتیی نوێی ئەمەریکا جەختی کردەوە: "وێڕای دەربڕینی ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ برەودان و بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێم لە هەموو بوارەکاندا، باسی لە ڕۆڵی گرنگیی هەرێمی کوردستان کرد وەک هاوبەشێکی بەهاداری ئەمەریکا لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکەدا".