ئیسماعیل بەقایی: رێککەوتنامەی ئیسلامئاباد بەفیرۆدانی کات بوو

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆنگرە رۆژنامەوانیی هەفتانەی خۆیدا رایگەیاند، رێککەوتنامەی ئیسلامئاباد بەفیڕۆدانی کات بووە و ئەمریکا لە هەوڵە دیپلۆماسییەکاندا خاوەن دەستپێشخەری نەبووە.

ئەمڕۆ دووشەممە 2ـی تشرینی دووەمی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هەفتانەدا رایگەیاند، رێککەوتنامەی ئیسلامئاباد کات بەفیڕۆدان بووە و ئەمریکا لە هەوڵە دیپلۆماسییەکاندا بێ دەستپێشخەری بووە.

بەقایی لە بارەی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان گوتی: ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران ئەرکی بەڕێوەبردنی دیپلۆماسییەتی وڵاتەکەی گرتووەتە ئەستۆ و داواکارییە رەواکانی ئێرانیش لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە بە ئەمریکا گەیەندراوە، بەڵام کۆماری ئیسلامی مەرج و بڕیاری تاکلایەنە رەت دەکاتەوە.

بەقایی ئاماژەی بەوەش کرد، محەمەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران سەرۆکایەتیی تیمی دانوستانکاری ئێران دەکات و ئاڵوگۆڕی پەیامەکان لەنێوان تاران و واشنتن بەردەوامە. سەبارەت بە هەڵوێستی واشنتن، گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران روونیکردەوە، ئەمریکا لە جیاتی پەرەپێدانی ئاشتی بەردەوام هەوڵی تێوەگلانی زیاتری ناوچەکە لە جەنگ دەدات و جەختیشی کردەوە داواکارییەکانی تاران روونن و گەرووی هورمز بە هیچ شێوەیەک ناکرێتەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەقایی هۆشداری دا لە لێکەوتەی هەڕەشەکانی ئەمریکا دژی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی و رایگەیاند، ئەو لێدوانانە بێدەنگیی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی لێکەوتووەتەوە و تەنیا سووربوونی تاران بۆ بەهێزکردنی تواناکانی بەرگری پتەوتر دەکات.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە رێکارە یاساییەکانی تاران بەرامبەر بە لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا، بەقایی گوتی: ئێمە بەردەوامین لە بەڵگەدارکردنی پێشێلکارییە زەقەکانی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و لە ناوەندە پەیوەندیدارەکان تۆماریان دەکەین، بەڵام ئەزموون دەریخستووە ئەم سازوکار و دامەزراوە نێودەوڵەتییانە تەنیا لە ئاستی دروشمدا ماونەتەوە.

بەقایی رەخنەی توندی لە بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرت و روونیکردەوە، جێگەی داخە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجوومەنی ئاسایش و ئەنجوومەنی بڕیاردەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە بەرامبەر ئەو هەڕەشە راستەوخۆیانەی بنەماکانی ئاشتی و سەقامگیرییان کردووەتە ئامانج، هیچ هەڵوێستێکیان نییە.

سەبارەت بە مەترسییەکانی ئاساییکردنەوەی هەڕەشەی سەربازی دژی بنکە ئەتۆمییەکان، بەقایی هۆشداری دا کە هەڕەشەکردنی ئاشکرا یان ناڕاستەوخۆ و باسکردنی بەکارهێنانی چەکی تایبەت، هاندانی لایەنەکانە بۆ پێشێلکردنی پەیماننامە بنەڕەتییە نێودەوڵەتییەکان.  گوتیشی: وڵاتانی دیکەی خاوەن چەکی ئەتۆمی لە نزیکەوە چاودێریی ئەم رەفتارانەی واشنتن دەکەن کە نەخشەڕێگەیەکی وێرانکەر بۆ رووخاندنی سەقامگیریی جیهان دادەڕێژێت.

لە کۆتاییدا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دووپاتیکردەوە، ئەم جۆرە فشارانە نابنە هۆی دروستکردنی هیچ کەلێنێک لە ئیرادەی نیشتمانیی وڵاتەکەی، بەڵکو بڕیاری تاران بۆ بەهێزکردنی ژێرخان و تواناکانی ناوخۆیی بە مەبەستی بەرگریکردن لە سەروەریی خاکی وڵاتەکەیان پتەوتر و پێداگرانەتر دەکات.