پشتیوان سادق: بارزانی لە دڵی ملیۆنان کورد ڕەگی داکوتاوە
K24 – هەولێر:
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای هەولێر، دەڵێت: پارتی هەمیشە لەگەڵ خەڵک و هاووڵاتییانی خۆی دەبێت و کەموکڕییەکان چارە دەکات و دەستکەوتەکان گەورەتر دەکات. گوتیشی: سەرۆک بارزانی ڕۆحی خۆی دابەشی تاک بە تاکی گەنجان و تێکۆشەرانی کوردستان کردووە.
پشتیوان سادق، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای هەولێر، بەبۆنەی 78 ساڵەی دامەزراندی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕێوڕەسمێکدا ڕایگەیاند: پارتی دامەزرێنەری قەوارەی هەرێمی کوردستانە، لە سایەی حیکمەتی سەرۆک بارزانی هەمووان وزە وەردەگرن، ئاییندەی کوردستان ئاییندەیەکی گەش و زۆر ڕوونە، سەرۆک بارزانی بڕوای بە هێز و توانای گەنجانی کوردستان هەیە.
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای هەولێر دەڵێت: بارزانی لە دڵی ملیۆنان کورد ڕەگی داکوتاوە، هەروەها سەرۆک بارزانی پێی وایە گەنجانی کوردستان ئێستە و ئاییندەی وڵاتن، بۆیە هەمیشە ڕۆحی خۆی دابەشی تاک بە تاکی گەنجان و تێکۆشەرانی کوردستان کردووە و، کاتێک دەگوترێن سەرۆک بارزانی واتە ئاشتی و ئاوەدانی.
ناوبراو جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان حیسابی دەوڵەتی بۆ دەکرێت نەک تەنیا هەرێمێک، لە ساییەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەرێمەکە زۆر پێشکەوتوو بووە و سەرکەوتنی زۆر گەورەی بەدەست هێناوە.
باسی لەوەش کرد، سەرەڕای قەیرانەکان حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی توانی خۆڕاگر بێت و خزمەتێکی زۆر پێشکەشی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکات. هاوکات دەڵێت: پارتی هەمیشە لەگەڵ خەڵک و هاووڵاتییانی خۆی دەبێت و کەموکڕییەکان چارە دەکات و دەستکەوتەکان گەورەتر دەکات و ئاییندەی گەلی کوردستان گەشە.
پشتیوان سادق، لەبارەی هەولێرەوە، گوتی: ئەگەر بەراوردی هەولێر بە ساڵانی ڕابردوو بکەین، شانازی دەکەین کە گۆڕانکاری و پێشکەوتنێکی زۆر لە هەولێری پایتەخت ڕووی داوە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کەسانەی پێیان وایە لە هەرێمی کوردستان هیچ نەکراوە ئەوانە هەڵەیەکی مێژووی دەکەن کە وا بیر دەکەنەوە.
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای هەولێر، لەبارەی پێکەوەژیانەوە، گوتی: شانازی بەو پێکەوەژیانە دەکەین کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، ئەو پێکەوەژیانە لە مەنهەجی پارتی و کولتووری خەڵکی هەرێمی کوردستان هەیە و پێویستە هەمووان بیپارێزن.
پێش 78 ساڵ، لە 16ـی ئابی 1946، پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕابەرایەتی مەلا مستەفا بارزانی دامەزرا و تاوەکوو ئێستا 14 کۆنگرەی کردووە و بەپێی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانیش، ئێستا پارتی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، گەورەترین پارتی سیاسیی جەماوەرییە.