سەرۆکوەزیرانی عێراق پیرۆزبایی 78 ساڵەی دامەزراندنی پارتی لە سەرۆک بارزانی دەکات
K24 – هەولێر:
بەبۆنەی 78 ساڵەی دامەزراندی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیامێکی بۆ سەرۆک بارزانی نارد و تێیدا پیرۆزبایی یادی دامەزراندنی پارتی دەکات.
16ـی ئابی 2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد بەبۆنەی یادی 78 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد: ئەم یادە یادەوەری خەباتی پارتی لە دژی ستەمی ڕژێمی دیکتاتۆری، لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی دیکەی عێراق نوێ دەکاتەوە.
سوودانی ئاماژەی بە رۆڵ و بەشداری پارتی کردووە لە چەسپاندنی سیستەمێک کە هەڵگری بناغەکانی دادپەروەری و یەکسانی و بنیاتنانی عێراقێکی ئازاد و دیموکراسییە.
پێش 78 ساڵ، لە 16ـی ئابی 1946، پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕابەرایەتی مەلا مستەفا بارزانی دامەزرا و تاوەکوو ئێستا 14 کۆنگرەی کردووە و بەپێی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانیش، ئێستا پارتی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، گەورەترین پارتی سیاسیی جەماوەرییە.