مەندەلاوی و ئەعرەجی پیرۆزبایی دامەزراندنی پارتی لە سەرۆک بارزانی دەکەن

K24 – هەولێر:

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە وەکالەت و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە دوو پەیامدا، پیرۆزبایی 78 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەرۆک بارزانی و جەماوەری پارتی دەکەن.

قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە: "لە یادی 78 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی و جەماوەری پارتی دەکەین. لەم بۆنەیەدا، یادی خەباتی گەلەکەمان لە کوردستان لە دژی ستەم و جیاکاری دەکەینەوە و داوا لە خوای گەورە دەکەین ئاسایش و سەقامگیری و یەکڕیزی و برایەتی زیاتر بە گەلی کوردستان و هەموو عێراق ببەخشێت".

هەروەها موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پەیامێکدا، بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی و ئەندامانی پارتی دەکات.

مەندەلاوی ئاماژەی بەوەکردووە: لە ساڵیادی دامەزراندنی پارتی، یادی شەهیدانی پارتی دەکەینەوە کە خەباتیان کرد و قوربانییاندا لەپێناو ڕزگاربوون لە ستەمکاری و دیکتاتۆرییەت و بوونە چرایەک بۆ خەڵکی کوردستان.

پێش 78 ساڵ، لە 16ـی ئابی 1946، پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕابەرایەتی مەلا مستەفا بارزانی دامەزرا و تاوەکوو ئێستا 14 کۆنگرەی کردووە و بەپێی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانیش، ئێستا پارتی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، گەورەترین پارتی سیاسیی جەماوەرییە.