دڵشاد شەهاب: پارتی بۆ بەدیهێنانی مافەڕەواکانی گەلی کورد دامەزراوە
K24 – هەولێر:
ئەندامێکی کۆمیەتەی ناوەندیی پارتی، ئاماژە بەوە دەکات، ئەم ساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە دەچێت و پارتیش ئامادەیە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن. هاوکات دەڵێت: لە هەموو هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا پارتی دەستی هاوکاری و تەبایی بۆ هەموو لایەنەکان درێژ کردووە.
دڵشاد شەهاب، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەمیانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24ـدا، گوتی: پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵقوڵاوی بیکردنەوەیەکی پاک و بێگەردە و، پارتی لە پێناوی پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان دامەزراوە.
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ئاماژەی بەوە کرد، پارتی بۆ بەدیهێنانی مافەڕەواکانی گەلی کورد دامەزراوە و پارتی بە ڕابەرایەتی سەرۆک بارزانی بۆ یەکەم جار ڕێچکەی حووکمڕانی هەرێمی کوردستانی دانا، کە بووە پێگەیەک بۆ ئازادی عێراق.
هاوکات باسی لەوە کرد، پارتی قوتابخانەی پێگەیاندنی دەیان شۆڕشگیڕە، هەروەها لە هەموو هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا پارتی دەستی هاوکاری و تەبایی بۆ هەموو لایەنەکان درێژ کردووە .
جەختی لەوەش کردووە، پارتی هەمیشە دەستپێشخەر بووە لە سەردان و کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان، هاوکات پارتی بڕوای بە دیموکراسی و حووکمڕانییەکی هاوسەنگە.
لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە، دڵشاد شەهاب، گوتی: ئەم ساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە دەچێت و پارتیش ئامادەیە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن.
ناوبراو دووپاتی دەکاتەوە، پارتی خۆی خاوەنی درووشمی ناوی دیموکراسییەت و پیادەکردنی دیموکراسییەتە.
پێش 78 ساڵ، لە 16ـی ئابی 1946، پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕابەرایەتی مەلا مستەفا بارزانی دامەزرا و تاوەکوو ئێستا 14 کۆنگرەی کردووە و بەپێی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانیش، ئێستا پارتی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، گەورەترین پارتی سیاسیی جەماوەرییە.