باندێکی گەورەی بازرگانی بە زیاتر لە 200 کیلۆ کاپتاگۆنەوە دەستگیرکران

دادگای لێکۆڵینەوەی یەکەمی کەرخ لەناوبردنی گەورەترین تۆڕی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانی لە بەغدا ڕاگەیاند، کە دەستیان بەسەر 221 کیلۆ حەبی ماددەی هۆشبەردا گرت.

ئەمڕۆ شەممە، 17ـی ئابی 2024، ناوەندی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "بە پشتبەستن بە بڕیارێکی دادوەری کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ماددە هۆشبەرەکانی کەرخەوە دەرکراوە، گەورەترین باندی بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە بەغدا، کە لە 10 بازرگان پێکهاتوون کە هاووڵاتیانی بیانیشی تێدا بوون دەستگیرکران".

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەکاتی دەستگیرکردنی ئەو تۆڕە گەورەی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر، دەستیان بەسەر 221 کیلۆ حەبی هۆشبەری کاپتاگۆندا گرتووە.

پێشتریش دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بڵاوی کردەوە، هێزە ئەمنییەکان لە بەغدا سێ بازرگانی نێودەوڵەتیی ماددەهۆشبەرەکانیان دەستگیرکردووە کە 200 هەزار حەبی جۆری کاپتاگۆنیان پێ بووە.

دەزگاکە باسی لەوەش کردبوو، سێ بازرگانەکە ویستوویانە بە تێکەڵکردن و گواستنەوەی لەکیسەی برنجدا، بازرگانی بە حەبەکان بکەن.

بەپێی ئامارەکان لە حەوت ساڵی ڕابردوودا ئاڵودەبوون لە عێراق بە ڕێژەی 40% زیادی کردووە و بازرگانانی ماددەی هۆشبەریش بەرێژەی 30% زیادی کردووە.