خالیدە خەلیل: ئەو ڕێککەوتنانەی  بەشێوەی چەواشەکاری دەکرێن  درەنگ بێت یا زوو چارەنووسیان شکستە

خالیدە خەلیل، گوتەبێژی بارەگای بارزانی
خالیدە خەلیل، گوتەبێژی بارەگای بارزانی

 گوتەبێژی بارەگای بارزانی دەڵێت:  ئێمە هەرگیز سازش لەسەر کوردستانیبوونی کەرکووک ناکەین. چونكه كەرکوک دڵی کوردستانە،  هەروەک چۆن سازش لەسەر کوردستانیبوونی  ناوچە کوردستانیەکانی دیکەی دەرەوەی  ئیدارەی هەرێم ناکەین .

خالیدە خەلیل، گوتەبێژی بارەگای بارزانی لە پێگەی(ئێکس) بڵاوی کردەوە و دەڵێت: ناڕەزایەتی ئێمە لە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی نیشتمانی و جێبەجێکردنی ئەجێندایەکی سەیر و  نامۆی ئەوتۆیە کە ئامانجی هێنانەکایەی کێشە و ناهاوسەنگیە  .

دەشڵێت: ئێمە پێمان وایە کەسی پارێزگار دەبێت کوردێکی میانڕەو بێت، هەروەها دەبێت لایەنە کوردییەکانی تریش  لەسەری ڕازی بن. بەهەمان شێوە ڕێککەوتن لەسەر سەرۆکی ئەنجومەن و جێگرەکەی بکرێت. جگە لە ڕازیکردنی هەموو ئەو پێکهاتانەی کە لە چوارچێوەی ئەو پارێزگایەدا  پێکەوە دەژین هەریەکەو بە پێی ڕێژە و پێگەیان.

خالیدە خەلیل دەڵێت: ئەمانە پێویستن بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەباشی سەرکەوتوو بێت و ئامانجەکانی خۆی بهێنێتە دی،  نەوەک سازش و قوربانی بە  هەندێ  ناوچەی دیکەی گرنگی کوردستانیەوە بکرێت. یان  پێگە و پۆستەکانی کورد بفرۆشرێن  بەمەبەستی  ئەوەی  ئەم پارێزگایە بخرێتە ناو ئەجێندای نامۆی ئەوتۆ کە هەندێ لایەن کاری بۆ دەکەن. دەڵێت: بەکورتی  و پوختی "ئەوڕێککەوتنانەی  بەشێوەی چەواشەکاری  دەکرێن، درەنگ بێت یا زوو، چارەنووسیان تەنها شکستە .