تێرا داڵ: هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا پەیوەندییەکی بەهێز و مێژووییان هەیە
K24 – هەولێر:
جێگری سەرۆکی ئەرکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا لە ئیدارەی ترەمپ، گوتی: ئەمەریکییەکان هەمیشە هەستیان بە پارێزگاری کردووە لە هەرێمی کوردستان و بۆیە هەرێمەکە ڕێز و پشتیوانی ئەمەریکای بەدەست هێناوە. ئاماژەی بەوەش کرد: پێشمەرگە شەڕی تیرۆر دەکات و پێویستە پشتیوانی بکرێت.
تێرا داڵ، جێگری سەرۆکی ئەرکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا لە ئیدارەی ترەمپ، لەمیانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24ـدا، ڕایگەیاند: کاتێکی زۆر لە هەرێمی کوردستان بوو بە تایبەت لە کاتی شەڕی دژی داعشدا و، پێشمەرگە هێزی متمانەپێکراوی ئەمەریکایە و وڵاتەکە پشتیوانی لە پڕچەککردنی پێشمەرگە دەکات.
جێگری سەرۆکی ئەرکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا لە ئیدارەی ترەمپ، ئاماژەی بەوە کرد، پەیوەندی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە و دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی 30 ساڵ لەمەوبەر، هاوکات پێویستە ئەم پەیوەندییە بەهێزتر بکرێت و پەرەی پێ بدرێت.
ناوبراو باسی لەوە کرد، هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی دیموکراسییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە پاڵپشتی لە پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان و ئایینە جیاوازەکان دەکات، حکوومەتەکە توانیویەتی بەها ڕۆژئاواییەکان لە هەرێمەکە جێبەجێ بکات.
تێرا داڵ، دەڵێت: حکوومەتی هەرێمی کوردستان پارێزگاری لە شوێنە مێژوویی و کولتوورییەکانی کریستییانەکان کردووە، هەرێمەکە چرایەکی ئازای و پێکەوەژیانی ئایینییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
جەختی لەوەش کردەوە، ئەمەریکییەکان هەمیشە هەستیان بە پارێزگاری کردووە لە هەرێمی کوردستان و بۆیە هەرێمەکە ڕێز و پشتیوانی ئەمەریکای بەدەست هێناوە.
گوتیشی: هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا پەیوەندییەکی بەهێز و مێژووییان هەیە، هەروەها هەرێمەکە ناوچەیەکەی سەقامگیر و ستراتیجییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
جێگری سەرۆکی ئەرکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا لە ئیدارەی ترەمپ، ئاماژەی بەوەش کردووە، پێشمەرگە شەڕی تیرۆر دەکات و پێویستە پشتیوانی بکرێت، هەروەها پێویستیشە هێزەکانی پێشمەرگە ڕاهێنانیان پێ بکرێت و چەکی پێشکەوتوویان پێ بدرێت.