سەنیگال یەکەم مانگی دەستکردی خۆی بەسەرکەوتوویی هەڵدا

سەرۆکی سەنیگال باسیرۆ دیۆمای فای ڕایگەیاند، سەنیگال یەکەم مانگی دەستکردی خۆی بە سەرکەوتوویی هەڵدایە خولگەی ئاسمانەوە و گوتیشی: ئەم هەڵدانە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو سەروەری تەکنەلۆجیای وڵاتەکە.
سەرۆکی سەنیگال لە پلاتفۆرمی 'ئێکس' ڕایگەیاند، مانگی دەستکردی GAINDESAT-1A لە ڕۆژی هەینی لە بنکەی ڤاندنبێرگ لە کالیفۆرنیا هەڵدرا.
باسیرۆ دیۆمای فای گوتیشی: ئەم هەنگاوە ئەنجامی پێنج ساڵ ماندووبوونی ئەندازیاران و تەکنیککارەکانمانە. ئەم پێشکەوتنە هەنگاوێکی گەورەیە بەرەو سەروەری تەکنەلۆجیامان و دەمەوێت هەموو شانازی و سوپاسگوزاری خۆم بۆ هەموو ئەوانە دەرببڕم کە ئەم پڕۆژەیەیان کردووە.
بەگوێرەی هەواڵی تەلەفزیۆنی ' RTS'، مانگە دەستکردەکە لەلایەن ئەندازیارانی سەنیگالیی بە هاوبەشی لەگەڵ سەنتەری بۆشایی زانکۆی فەرەنسی لە مۆنپیلیە، دیزاین کراوە.
ڕوونیشی کردەوە، مووشەکی فالکۆن 9 چەندان مانگی دەستکردی GAINDESAT-1A لە بنکەی ڤاندینبێرگەوە هەڵداوەتە خولگەی ئاسمان.
ئامانجی ئەم مانگە دەستکردە، کۆکردنەوەی داتایە بۆ دەزگا جۆراوجۆرەکانی دەوڵەت لەوانە بەڕێوەبەرایەتی بەڕێوەبردن و پلاندانانی سەرچاوەکانی ئاو بە ئامانجی باشترکردنی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان لە وڵاتدا.