زانکۆی سلێمانی: پێنج جۆری نوێی جاڵجاڵۆكە دۆزرانەوە و ناوی کوردییان لێنرا

دوون جۆری جاڵجاڵۆکە نوێیەکان
دوون جۆری جاڵجاڵۆکە نوێیەکان

K24 – سلێمانی:

زانکۆی سلێمانی ڕایگەیاندووە: بۆ یەكەمجار لەسەر ئاستی جیهان، پێنج جۆری نوێی گیانداری جاڵجاڵۆكە لەلایەن مامۆستایەكی زانكۆکەیانەوە، لە هەرێمی كوردستان دۆزرانەوە و وەكو جۆری نوێ (سپیشیزی نوێ) لە زانستدا ناسێنران.

لە ڕاگەیەندراوەکەی زانکۆی سلێمانی ئاماژە بەوەکراوە: وەک ڕێکارێکی زانستیش لە پێگەی zoobank.org کۆدی تایبەتییان پێدراو لە هەموو جیهانیشدا بەو ناوە کوردییانە ناویان ئەهێنرێت.

لەلایەن خۆیەوە، فەرهاد ئەحمەد خدر، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی بایۆلۆجی كۆلێژی زانست لە زانكۆی سلێمانی ڕایگەیاندووە: لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا پێنج جۆری نوێی گیانداری جاڵجاڵۆكەی لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتیش سلێمانی‌ و دەوروبەری دۆزیوەتەوە.
ئەو مامۆستای زانکۆیە ئاماژەی بەوەشکردووە: دواتر لە كارێكی هاوبەشی نێوان زانكۆی سلێمانی‌ و زانكۆی مەندڵ لە كۆماری چیك‌ و زانكۆی Altai لە ڕووسیا و بەسەرپەرشتی د. عەلی ڕەزا زەمانی لە زانكۆی Turku لە فنلەندا، بابەتەكانی ئەم دۆزینەوە زانستییەی لە جۆڕناڵی بە ئیمپاكت فاكتەری نێودەوڵەتی (ZOOTAXA) بڵاوكردۆتەوە.

لەبارەی ناوی جاڵجاڵۆکە نوێیەکانیش: فەرهاد ئەحمەد خدر ڕوونی کردووەتەوە:  ناوە زانستییەكانی ئەم جۆرانە بەناوی كوردستان‌ و گەرمیان‌ و سۆران‌ و گۆیژە و هەزارمێردەوە ناونراون، كە بریتین لە دیسدرا كوردستانیكە (Dysdera kurdistanica)، دیسدرا گۆیژە (Dysdera goyzha)، پەڵپیمانەس گەرمیانەس (Palpimanus garmiyanus)، تیجیناریا سۆرانی (Tegenaria sorani)، زیلۆتس هەزارمێردێنسیس (Zelotes hazarmerdensis).

بەپێ سەرچاوە زانستییەکان، لە جیهاندا زیاتر 51 هەزار و 600 جۆری جاڵجاڵۆکە هەیە و ناوبەناو لە هەندێک لە وڵاتانی جیهانیش جۆری نوێ دەدۆزرێنەوە، ئەم جۆرە نوێیانەی کوردستانیش بۆ ژمارە جیهانییەکە زیاد دەکرێت.