مێشوولە بە چ کەسانێکەوە دەدات؟

هاوین، تەنیا وەرزی دروێنەکردن و میوەچنین و پشوو نییە؛ پێوەدانی مێشوولەش پەیوەندی بەم وەرزەوە هەیە. بە گوێرەی گۆڤاری 'فریوندینی ئەڵمانی' هەندێک جۆری مرۆڤ هەن مێشوولە لە خەڵکانی تر زیاتر پێیانەوە دەدات؛ لەوانە:
باڵا بەرزەکان
مێشوولە زیاتر بەو کەسانەوە دەدات کە زۆرترین ڕێژەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دەردەکەن، کەسانی باڵابەرزیش سییەکانیان گەورەترە، بڕێکی زیاتر هەوا هەڵدەمژن و دەری دەدەن.
ئافرەتانی دووگیان
ئەو ئافرەتانەی دووگیانن، پێویستە چاوەڕێی پێوەدانی زیاتری مێشوولە بکەن. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی خانمانی دووگیان بۆ خۆی و کۆرپەکەی بڕێکی زیاتر لە دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دەردەن.
وەرزشوانان
وەرزش دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی ترشی لاکتیک کە بە پلەی یەکەم لە ڕێگەی ئارەقەوە دەردەدرێت. مێشوولەش ترشی لاکتیکیان پێ خۆشە .
بیرەخۆرەکان
لێکۆڵینەوەیەکی زانستی دەریخستووە ئەو کەسانەی بیرە دەخۆنەوە زیاتر مێشوولە پێیانەوە دەدات لە چاو ئەوانی دیکە.
ئەو کەسانەی کە گروپی خوێنیان "o"یـە
توێژەران بۆیان دەرکەوتووە، لە سەدا 85ـی خەڵک ماددەیەکی کیمیایی لە ڕێگەی پێستیانەوە دەردەدەن کە وا دەکات مێشوولە جۆری خوێنیان بناسێتەوە، مێشوولە زیاتر حەزی لە خوێنی گروپی O یە.
ڕەنگی جل
لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە مێشوولە زیاتر حەزی لە ڕەنگی ڕەش و سوورە، بۆیە ئەو کەسانەی هەردوو ڕەنگەکە لەبەر دەکەن، ئەگەری پێوەدانیان زیاترە.