پاکستان.. گۆڕانی کەشوهەوا بووەتە بەشێک لە هۆکارەکانی بەشوودانی پێشوەختەی کچان

به‌هۆی خراپیی دۆخی دارایی و هه‌ژارییه‌وه‌، له‌ پاكستان به‌شێك له‌ خێزانه‌كان به‌رانبه‌ر بڕه‌ پاره‌یه‌ك، كچه‌كانیان له‌ ته‌مه‌نێكی بچووكدا به‌شوو ده‌ده‌ن، سەرۆکی ڕێکخراوێکی هاوکاری مرۆییش دەڵێت: کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و زیادبوونی لافاو لە ناوچە گوندنشینەکان هۆیەکە بۆ پەرەسەندنی ئەم دیاردەیە.

بەهۆی ئەو لێزەمە بارانە وەرزییەی لەم دوایانەدا پاکستانی گرتەوە و بووە هۆی هەستانی لافاو، خەڵکێکی زۆری گوندنشین ماڵیان وێران بوو دەربەدەربوون، ئەمەش وای کردووە خەڵکێکی زۆر لەبەر هەژاریی، پەنا ببەنە بەر دیاردەی زوو بەشوودانی کچەکانیان و لە بەرانبەر بڕە پارەیەک کچەکانیان بفرۆشن.

نەجمە، یەکێکە لە کچە قوربانیانەی لە تەمەنی 14 ساڵییەوە بەرانبەر بە بڕە پارەیەکی کەمتر لە 900 دۆلار بەشوو دراوە،  دەڵێت:لافاو ماڵەکەمانی وێران کرد و ئاژەڵەکانم مرداربوونەوە، خانەوادەکەم گوتیان ئێستا هیچمان نەماوە، بۆیە دەبێت شوو بکەیت. هاوسەرەکەم 250 هەزار رووپیەی دا بە دایک و باوکم، بەڵام ئەویش پارەکەی بە قەرز وەرگرت و ئێستا ناتوانین ئەو بڕە پارەیەش بگەڕێنینەوە.

ساڵانە لە بەشێکی زۆری ناوچەکانی پاکستان بووەتە دیاردەیەک و پێش هاتنی وەرزی زستان و سەرماوسۆڵە، بەشێک لە دایک و باوکان کچەکانیان لە تەمەنێک بچووکدا دەفرۆشن بە پاساوی ئەوەی لە سەختییەکانی ژیان ڕزگاریان بێت.

شامیلە، کچە قوربانییەکی دیکەیە لە گوندەکانی ناوچەی 'دادو' ە لە باشووری پاکستان، بەر لە وەرزی سەرما و سۆڵە لە تەمەنی 14 ساڵی بەشوو دراوە.

مەعشووق بیرهمانی، سەرۆکی ڕێکخراوی سوجاگ سانسەر ئاشکرای کردووە "تەنیا ئەمساڵ 45 بەشوودانی کچانی تەمەن ژێر 18 ساڵ تۆمارکراون.ئەگەر سەیری ژمارەکان بکەین بە لەبەرچاو گرتنی کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا، ئەمساڵ 45 زەماوەندی پێشوەختە تەنیا لە یەک گوند تۆمارکراون کە تەنیا 250 خێزانی تێیدا دەژی، لە سێ مانگی رابردوودا 15 زەماوەند تۆمار کراون".

ساڵی 2022، لافاو نزیکەی سێ یەکی خاکی پاکستان داپۆشی، تا ئێستاش بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی ئەو وڵاتە لە دۆخێکی خراپدا دەژین، ئەمەش وایک ردووە دیاردەی زوو بەشوودانی کچان زیاتر بێت، لەگەڵ ئەمەشدا دیاردەی کارپێکردنی منداڵانی کوڕیش چەند هێندە زیادی کردووە تاوەکوو بژێوی خێزانەکانیان دابین بکەن.