کوردستان24 چیرۆکی منداڵە بێسەرپەرشتەکانی غەززە دەگێڕێتەوە کە بەهۆی شەڕەوە خێزانەکانیان لەدەست داوە
بەهۆی شەڕەوە لەماوەی 11 مانگی ڕابردوودا 20 هەزار منداڵ بێسەرپەرشت ماونەتەوە، منداڵە بێسەرپەرشتەکان بەهۆی بۆمبارانەکانی ئیسرائیلەوە سەرجەم کەسوکاریان لەناوچوونە، خۆشیان بە برینداری و بەدۆخێکی دەروونی خراپەوە لەگەڵ کەسوکار، یاخود خێرخوازان دەژین.
لە غەززە منداڵێکی سێ مانگ بەناوی ڕیم هەیە کە بەهۆی بۆمبارانەوە، سەرجەم کەسوکاری گیانیان سپاردووە و بەتەنها لەم جیهانەدا ماوەتەوە، پەیامنێری کوردستان24 لە غەززە چیرۆکی ڕیم دەگێڕێتەوە.
بە جەستەیەکی سوتاو و ماندووەوە ڕێم، تاکە ڕزگاربووی بنەماڵەی ئال جیهادە لەناوچەی ئەبو حەییەی غەززە، دوای بۆمبارانی خێوەتگەکەیان لە لایەن ئیسرائیلەوە لە خان یونس، باوک، دایک، خوشک، ئامۆژن و ئامۆزاکەی کوژران و ڕیمی تەمەن سێ مانگییان بەتەنیا لەم جیهانەدا بەجێ هێشت.
پوری ڕیم بەکوردستان24ـی ي ڕاگەیاند "هەموو کەسوکار و خێزانی ڕیم بەهۆی مووشەکەکانی ئیسرائیلەوە کوژران و ئەم منداڵە بەتەنها مایەوە، ئێستا من چاودێریی دەکەم".
مەهدی و حەنانی خوشکی نموونەیەکی دیکەن بۆ سوتاندنی جەستەی منداڵان لەغەززە، بەهۆی بۆمبارانی ئیسرائیلەوە بۆسەر نەخۆشخانەی عەرەبی لە غەززە جەستەیان سووتا و خێزانەکەشیان بەتەواوی لەناوچوون، ئەم دوو منداڵە بێسەرپەرشتە بەتەنها مانەوە.
مامی مەهدی و حەنان گوتی: لە غەززە ئاوارە بووین، دوای ئەوەی براکەم و سێ لەمنداڵەکەی شەهید بوون، تەنها مەهدی و حەنان ماونەتەوە، هیوادارین بتوانین پێداویستیەکانیان دابین بکەین.
حەنان گوتی: من ئێستا لەگەڵ برا بچووکەکەم و مامم دەژین، هیچمان ناوێت جگە لە تەواوبوونی شەڕ و گەڕانەوە بۆ ماڵی خۆمان.
ڕاپۆرتی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، نزیکەی 20 هەزار منداڵی فەڵەستینی لەغەززە بێ سەرپەرشت ماونەتەوە، ئەمەش واتە لەسەدا یەکی کۆی ئاوارەکانی غەززە.
ئەوەی جەنگ لە کاریگەرییە دەروونی و فیزیاییەکان لەدوای خۆی بەجێی دەهێڵێت لەسەر ئەو منداڵانەی نازانن چی دەگوزەرێت کارەساتبارە، هەموو ئەمانەش لەبەردەم بێدەنگیی جیهاندا ڕوو دەدەن.