رۆبەرت کەنەدی: لە كێبڕكێی هەڵبژاردن دەكشێمەوە و پشتیوانی لە ترەمپ دەكەم

رۆبەرت کەنەدی، کاندیدی سەربەخۆ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا
رۆبەرت کەنەدی، کاندیدی سەربەخۆ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا

K24 - هەولێر:

رۆبەرت کەنەدی کاندیدی سەربەخۆ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، بڕیاریدا هەڵمەتی بانگەشەی خۆی هەڵپەسێرێت و لە 10 ویلایەتیش بەشداری ناکات، ئاماژەی بەوەشدا، بڕیاریداوە پشتیوانی لە دۆناڵد ترەمپ بکات چونکە دەیەوێت کۆتایی بە جەنگی ئۆکرانیا بهێنێت و بەهای هاوبەشیان هەیە.

رۆبەرت کەنەدی کە پێشتر کاندیدی دیموکراتەکان بوو و لە 2023 لەو حزبە کشایەوە، ئاشکراشی دەکات دیموکراتەکان لە داهاتوو دەبنە حزبی گەندەڵی و ڕێگری لە ئازادی ڕادەربڕین دەکەن.

هەروەها کەنەدی گوتیشی: دیموکراتەکان حزبی حوکمڕانیکردنی شەفاف و پاڵەوانی ژینگە بوون، پارتەکەمان بەربەستی بەردەم زۆری ڕێژەی سوو و دەسەڵاتی کۆمپانیاکان بوون و بەهۆی حزبی دیموکراسییەت بوو، هەر وەک دەزانن لە تشرینی یەکەمی ڕابردوو حزبەکەم جێهێشت چونکە لەو بەها سەرەکییانە دوورکەوتەوە کە لەگەڵی گەورە بوو، دەبێتە حزبی جەنگ، سنووردارکردن، گەندەڵی و هەروەها دەبێتە حزبی کۆمپانیاکانی دەرمان و تەکنەلۆژیا و پارە، ئێستاش ئەگەر تۆمارە ڤیدیۆییەکانم لە هەڵمەتی بانگەشە لە تویتەر یان فەیسبووک بڵاوبکەیەوە هۆشداریت پێدەدەرێت کە ئەم تۆمارە پێوەرە کۆمەڵاتییەکان پێشێل دەکات.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لە کاتی ڕاگەیاندنی کشانەوەی لە کێبڕکێی هەڵبژاردن، کەنەی باسی لەوەشکرد: پێشتر ڕاگەیاندن پارێزەری یەکەم هەمواری دەستوور بوو کە ئازادی ڕادەربڕینەوە و ئێستا بەشێوەیەکی ڕێکخراوی هێرش دەکاتە سەر دیموکراسییەت. دەمەوێت هەمووتان بزانن هەڵمەتەکەم هەڵناوەشێنمەوە و تەنیا هەڵمپەساردووە و لە 10 ویلایەت دەکشێنمەوە، ئێستا پشتیوانی لە سەرۆک ترەمپ دەکەم، سەرۆک ترەمپ دەڵێت لەگەڵ سەرۆک پوتن دانوستانەکان دەست پێدەکاتەوە تا لە ماوەی شەوێک جەنگ بوەستێنێت ئەمەش پاساوە بۆمن پشتیوانی لە هەڵمەتەکەی بکەم.

ڕۆژی 15ـی تەمووزی 2024 ترەمپ وەک بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا هەڵبژێردرا و دواتریش سیناتۆر جه‌ی دی ڤانسی بۆ جێگری خۆی دیاریکرد.

هەروەها ڕۆژی 6ـی ئابی 2024، مێدیا ئه‌مه‌ریكییه‌كان بڵاویان كرده‌وه‌، کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمه‌ریکا و کاندیدای دیموكراته‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا، تیم والتز، حاكمی ویلایەتی مینیسوتای بۆ پۆستی جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كاندیدا كردووه‌.

بڕیارە لە 5ـی تشرینی دووەمی 2024 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بەڕێوە بچێت، ڕاپرسییەکان دەری دەخەن دۆناڵد ترەمپ و کامالا هاریس دەنگەکانیان لەیەکترەوە نزیکن و چاوەڕێی ڕکابەرییەکی سەخت دەکرێت.