ئەڵمانیا.. چەقۆوەشێنێک بە نێو خەڵکی دەکەوێت و کوژراو و بریندار هەن

گەمارۆدانی شوێنی ئاهەنگێڕانی شارۆچەکەی زۆلینگن - ئەڵمانیا
گەمارۆدانی شوێنی ئاهەنگێڕانی شارۆچەکەی زۆلینگن - ئەڵمانیا

لە شارۆچکەیەکی ئەڵمانیا چەقۆوەشێنێک بە نێو بەشداربووانی ئاهەنگێڕانی شارۆچکەکە و کەوتووە و سێ کەسی کوشتووە و چوار کەسی دیکەشی بە سەختی بریندار کردووە.

ئەلیکساندەر کریستا گوتەبێژی پۆلیسی دوسلدۆرف بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، هێرشەکە شەوی 23 لەسەر 24ی ئاب، لە کاتی ئاهەنگێڕانی 650 ساڵەی دامەزراندنی شاری سۆلینگن بووە، کە دەکەوێتە باکووری ڕاین وێستفالیا، بەڵام هەموو شوێنەکان بە پۆلیس تەندراون و هەڵمەتێکی فراوان بۆ دەستگیرکردنی چەقۆ وەشێنەکە دەستی پێ کردووە و لە ئاسمانیشەوە بە هێلیکۆپتەر چاودێریی ناوچەکە دەکرێت.

کریستا دەڵێ: چەقۆ وەشێنەکە دەستی لە هیچ کەسێک نە پاراستووە و بە هەرچوار دەوری خۆیدا چەقۆی وەشاندووە، هەربۆیە داوا لە خەڵکی کراوە هەرچی زووە شوێنی ئاهەنگێڕانەکە چۆڵ بکەن و بڵاوەی لێ بکەن.

هەروەها ئاماژەی داوە، زانیارییەکی تەواویان لەسەر گومانلێکراوەکە لەبەر دەست نییە، بەڵام لە وێنە تۆمارکراوەکاندا ڕووخساری دەرکەوتووە و پۆلیسی سەرقاڵی کۆکردنەوەی زانیارییە لەسەر ئاشکراکردنی ناسنامەکەی.

هەر لە بارەی ڕووداوەکەوە، تیم ئۆلیڤەر کورزباخ، سەرۆکی شارەوانی لە پێگەی ئەلیکترۆنی شارەوانی سۆلینگن نووسیویەتی: "ئەمشەو هەموومان تووشی حەپەسان و ترس و خەمێکی گەورە بووین، دەمانویست بەیەکەوە یادی دامەزراندنی شارۆچکەکەمان بکەینەوە، کەچی ئێستا کوژراو و بریندارمان هەیە و هەموومان خەمبارین بۆ ئەوانەی بوونەتە قوربانی".

شارۆچکەی سۆلینگن کۆی دانیشتووانەکەی زیاتر لە 150 هەزار کەسە و دەکەوێتە نزیک دوسلدۆرف لە باکووری کۆڵن، ساڵانە ئاهەنگی یادی دامەزراندنی شارۆچکەکە دەگێڕیت و دوێنێ هەینی یەکەم ڕۆژی ئاهەنگ گێڕانی یادەکە بوو، بڕیار وابوو چالاکییەکان بۆ سێ ڕۆژ تاوەکوو یەکشەممە بەردەوام بێت، بە گوتەی ڕێکخەرانی ئاهەنگەکە پێشبینییان کردبوو لە سێ ڕۆژی ئاهەنگێڕانەکەدا نزیکەی 75 هەزار گەشتیار سەردانی زۆلینگن بکەن، بەڵام هەموو چالاکییەکان هەڵوەشێنرانەوە.