ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی پەیامێك ئاراستەی ھەردوو باڵی حزبەكەی دەكات
باسی سزادانی كادیر و ئەندامانی یەكێتی دەكات
K24 - ھەولێر
لە پەیامێكدا لەبارەی كێشە ناوخۆییەكانی حزبەكەی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان چەند خاڵێك دەخاتەڕوو، ھەروەك داوا لە ھەردوو باڵی ناكۆك دەكات خۆیان لە لێدوانی توند و زمانی زبر بۆ یەكتر شكاندن بپارێزن.
ھەر لەو پەیامەدا ھاتووە: " هەرهەڤاڵێکیش پابەند نەبێت ڕووبەڕوی لێپرسینەوە دەبێتەوە لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی شکۆی یەکێتیەکەمان".
پێشتر كوردستان24 بڵاوی كردبووەوە كە لیژنەیەك لە ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی بۆ كێشەناوخۆییەكان پێكھێنراوە و پەیامێكی لەبارەی ھەوڵەكانیان چارەسەری كێشەكان بڵاودەكرێتەوە.
دەقی پەیامەكە
بۆ /سەرجەم هەڤاڵانی (یەکێتی نیشتمانی کوردستان)
سلاوێکی گەرم ……..
پاش ئەنجامدانی زنجیرەیەک دیدار لەلایەن لیژنەی راسپێردراوی ئەنجومەنى ناوەندییەوە لەگەڵ سەرجەم هەڤاڵە پەیوەندیدارەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و گەڵاڵە بوونی تێگەیشتنی هاوبەش بە ئاراستەی چارەسەر کردنی کێشەکان و پابەند بوونی ئەو هەڤاڵانە بەو تێگەیشتنە، بەردەوام دەبین لەسەر هەوڵەکانمان و جێبەجێکردنی ئەو ئەرکە مێژوویەی کە پێمان سپێردراوە .
بۆیە داوا لەسەرجەم بەرپرس و کادرانی (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) دەکەین لە پێناو سەرخستنی ئەرکەکانمان و گەیشتن بە چارەسەر کردنی کێشەکان و شادکردنی گیانی پاکی شەهیدان و خۆشحاڵ کردنی هەڤاڵان و دۆستان و دڵسۆزانی(یەکێتی نیشتمانی کوردستان)،لەئاست ئەو بەرپرسیارێتیە مێژووییەدابن کەلەسەر شانتانە و خۆتان لەبەکارهێنانی هەرجۆرە لێدوانێکی تووندو نا مەسئولانەو زمانی زبر و یەکتر شکێن بپارێزن .
هەرهەڤاڵێکیش پابەند نەبێت ڕووبەڕوی لێپرسینەوە دەبێتەوە لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی شکۆی یەکێتیەکەمان.
لیژنەی راسپێردراوی ئەنجومەنى ناوەندی (ی.ن.ک