بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی زاخۆ: ئەو پرۆژانەی پار بەردی بناغەیان بۆ داندرا ئەمساڵ تەواو دەبن
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی زاخۆ ڕایدەگەیەنێت: ئەو پرۆژانەی پار بەردی بناغەیان بۆ داندرا، ئەمساڵ تەواو دەبن و دەکەونە خزمەتی هاووڵاتییان.
شەممە 24ـی ئابی 2024، سیروان ئەحمەد نەجاڕ، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی زاخۆ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ژێرخانی تەندروستی لە زاخۆ زۆر باش بووە. ساڵی ڕابردوو بەردی بناغە بۆ سێ نەخۆشخانە داندرا، ئەوانیش نەخۆشخانەی منداڵان لە سەنتەری زاخۆ، نەخۆشخانەی فریاکەوتن لە قەزای باتیفا کە نزیکەی سەدا 30 پرۆژەکە تەواو بووە، لەگەڵ دروستکردنی بنکەیەکی تەندروستیی لە سیمێلکا کە هەفتەیەکی دیکە دەکرێتەوە.
سیروان ئەحمەد نەجاڕ دەڵێت: نەخۆشخانەی منداڵان سەدا60ـی تەواو کراوە، تا سێ هەفتەی دیکە تەواو دەبێت و ئەمساڵ دەکەوێتە خزمەتی هاووڵاتییان.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی زاخۆ گوتی: بارودۆخی نەخۆشخانەی فریاکەوتن لە زاخۆ زۆر باشە؛ نەخۆشخانەکە نۆژەنکراوەتەوە، ئامێرەکان دابین کراون لەگەڵ دەرمانی پێویست، بەشی سووتانیش تا مانگێکی دیکە دەکەینەوە، ئەو نەخۆشانەی زۆر ناچار نەبن، نایان نێرینە دەرەوەی زاخۆ.
دەشڵێت: خولێکی فریاکەوتنمان کردووەتەوە بۆ ئەوەی هەموو نەخۆشێک ناچار نەبێت بێتە نەخۆشخانەی فریاکەوتن تاکوو نەخۆشخانەکە تەواو دەبێت، گوتیشی: بە پشتیوانیی گوهدار شێخۆ، سەرۆکی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، تەواوی پێویستییەکانی کەرتی تەندروستی دابین کراوە.
سیروان ئەحمەد نەجاڕ، ئاماژەی بەوە کرد کە، دەرمانی پێویست دەکڕن، بەشێکی دەرمانیش لە بەغداوە بۆیان دێت، ئامێری پزیکیش دابینکراوە لەگەڵ ئەوەی نەخۆشخانەکە ئامێری زیاتری پێویستە. ئامێرێکی تیشک دابین کرا بەبێ بەرامبەر تیشک بۆ نەخۆشان دەگرێت، ئەمەش وای کردووە ماوەی سەرەی نەخۆشانی کەم کردەوە بۆ گرتنی تیشک.