سامان بەرزنجی: کێشەی کەمیی دەرمانمان چارەسەر کردووە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە میانی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیی پزیشکی تایبەت بە نەخۆشییەکانی دڵ لە شاری دهۆک و ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت، د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کەرتی تەندروستی، بەتایبەت لە بواری چارەسەر و نەشتەرگەریی دڵ، قۆناخێکی زۆر پێشکەوتووی بڕیوە، هەروەها جەختی لە فراوانکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بۆ قەزا و ئیدارە سەربەخۆکان و چارەسەرکردنی کێشەی دەرمان کردەوە لە رێگەی دابینکردنی بودجەی تایبەت لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە دابین کراوە.

بەرەوپێشچوونی چارەسەری نەخۆشییەکانی دڵ
وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوە دا، پێش 17 ساڵ هەرێمی کوردستان هیچ پزیشکێکی پسپۆڕی قەستەرە و نەشتەرگەریی دڵی نەبووە، بەڵام لە ئێستا خاوەنی 35 پزیشکی نەشتەرگەریی دڵ و زیاتر لە 60 پزیشکی قەستەرەیە، تەنانەت قەستەرە بۆ مێشکیش ئەنجام دەدرێت.

سامان بەرزنجی تیشکی خستە سەر پرۆگرامی فریاگوزاریی خێرای دڵ (PCI) کە یەکێکە لە دەستکەوتەکانی کابینەی نۆیەم و رایگەیاند "لە رێگەی ئەم پرۆگرامەوە، هەر نەخۆشێک لە هەر کاتێک و لە هەر شوێنێکی هەرێمی کوردستان بێت، لە ماوەیەکی پێوانەییدا (چەند خولەکێک بۆ کەمتر لە کاتژمێرێک) دەگەیەنرێتە سەنتەرەکانی دڵ و چارەسەری قەستەرە و باڵۆنی بۆ دەکرێت، ئەمەش وایکردووە رێژەی مردن و پەککەوتن بە شێوەیەکی بەرچاو کەم ببێتەوە."

هاوکات ئاشکرای کرد، جۆرێکی نوێی نەشتەرگەریی دڵ بە ناوی (Minimal invasive surgery) لەلایەن پزیشکانی ناوخۆوە دەکرێت کە تێیدا کەمترین کردنەوە لە سنگی نەخۆشەکەدا دەکرێت.

گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بە دەرەوەی شارەکان
سەبارەت بە دابینکردنی ئامێری پێشکەوتوو، وەزیری تەندروستی رایگەیاند، نوێترین ئامێرەکانی قەستەرە (Up to date) دابین کراون و ئێستا خزمەتگوزاریی قەستەرە براوەتە دەرەوەی سەنتەری پارێزگاکانیش. لە شاری سلێمانی و دهۆک ئامێری نوێ دابینکراون، هەروەها بۆ شاری کۆیە لە قۆناخی گەیاندندایە و بۆ شاری ئاکرێش لە قۆناخی تەندەرینگە، ئەمە جگە لەوەی لە زاخۆ و سۆران و چەند قەزایەکی دیکەش ئەم خزمەتگوزارییە بەردەستە، بڕیاریشە لە چەند مانگی داهاتوودا سەنتەرێکی نوێی پێشکەوتووی دڵ بکەوێتە کار.

نەخۆشخانەی 300 تەختیی دهۆک و کردنەوەی یەکەی چاودێریی چڕ
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری تەندروستی باسی لە پرۆژەی نەخۆشخانەی 300 تەختییەکەی دهۆک کرد و گوتی: لەلایەن کۆمپانیایەکی ئاستبەرزی نێودەوڵەتییەوە دیزاین و نەخشەسازیی نوێی بۆ دەکرێتەوە بۆ ئەوەی بکرێتە نەخۆشخانەیەکی گشتی.

سەبارەت بە بەشی چاودێریی چڕ (ICU)، وەزیر جەختی کردەوە کە کردنەوەی ئەم بەشە لە دەرەوەی سەنتەری شارەکان لەسەر ئاستی عێراق دەگمەنە، بەڵام حکومەتی هەرێم توانیویەتی یەکەمین بەشی چاودێریی چڕ بە 7 قەرەوێڵە لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بکاتەوە و، پێش چەند ڕۆژێکیش بەشێکی هاوشێوە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کراوەتەوە، لەگەڵ هەوڵە بەردەوامەکان بۆ زیادکردنی تەختی زیاتر لەو بوارەدا.

دابینکردنی بودجە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دەرمان
سامان بەرزنجی رایگەیاند، سەرەڕای دروستبوونی کێشەی کەمیی دەرمان لە سەرەتای ئەمساڵدا بەهۆی نەناردنی لەلایەن بەغداوە، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بڕیاری سەرۆکی حکوومەت لە کابینەی نۆیەمدا، بودجەیەکی تایبەتی بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە تەرخان کرد. هەروەها دڵنیایی دا کە دەرمانەکانی فریاکەوتن و پێداویستییەکانی نەشتەرگەری بەردەستن و هیچ کێشەیان تێدا نییە، جگە لە بەشێک لە دەرمانە دەگمەن و بایۆلۆجییەکان کە چاوەڕێی گەیشتنیان لە بەغداوە دەکرێت.